كازمی: بەمنزیكانە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە رادەگەیەنین

:: PM:10:47:15/07/2020 ‌

مستەفا كازمی سەردانی پارێزگای بەسڕەی كرد و دانیشتنێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی تیادا ساز كرد، ئەو دەیان بەڵێنی بە خەڵكی پارێزگاكە دا، جیا لە چەندان بەڵێنی تر بە خۆپێشاندەران و رای گەیاند حكوومەتەكەی هی راستكردنەوەی دۆخەكەیە و ئامانجیان هەڵبژاردنی پێشوەختەیە كە بەمنزیكانە وادەی ئەنجامدانی رادەگەیەنن.
لیستی ناوی شەهیدانی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رادەگەیەنن
كازمی گوتی، بەسڕە تەنیا لەسەر كاغەز پایەتەختی ئابووری عێراقە، راستییەكەی پایەتەختی هەژاری و خەمبارییە، تەنیا وەك بیرە نەوت سەیری بەسڕە كراوە، ئەوەیش هاوكێشەیەكی ستەمكارانەیە و دەبێت بوەستێت، بۆیە پێویستە بەندەرەكانی بەسڕە بەدەستی دەوڵەتەوە بن و رێگە لە گەندەڵكارییەكان لە دەروازە سنوورییەكان بگیرێت، هەر لەو چوارچێوەیە هێزەكانی ئەو بەندەر و دەروازانەمان گۆڕیوە. 

بەپێی زانیارییەكان كازمی چوار بەرپرسی بەندەرەكانی بەسڕەی گۆڕیوە، كازمی بەڵێنی ئەنجامدانی دەیان پڕۆژەی لە بەسڕە دا، جیا لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، داوای لە خەڵكی بەسڕە كرد هەلێكی پێ بدەن كە حكوومەتەكەی هەوڵی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دەدات بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە بە توندوتیژی لەكاتی خۆپێشاندانەكان.

كازمی ئاشكرای كرد كە دوای چەند رۆژێك لیستێك بەناوی شەهیدانی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رادەگەیەنن و خێزانەكانیان مافی خۆیان وەردەگرن، دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە مەبەستی ئەوانە و بەمنزیكانە وادەكەی رادەگەیەنن و پێویستە هەمووان هاریكار بن. 
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل