لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی كەرەنتین، زۆرترین زیان بەر كەرتی گەشتوگوزار بە تایبەتی میوانخانە و هوتێل و چێشتخانەكان كەوتووە. بەرپرسێكی باڵای ئەو كەرتەش داوا لە حكوومەت دەكا رێنوێنییەكان توند و دەرگای كاسبییەكان واڵا بكات.
ساڵانی رابردوو لەم وەرزەدا هەرێمی كوردستان جمەی دەهات لە گەشتیارانی عەرەب، بەڵام ئێستە دەرگای زۆرینەیان داخراوە و بەشێكیشیان بە شێوەیەكی سنووردار كار دەكەن و زیانێكی زۆر بەر خاوەنەكانیان كەوتووە.
شكور عەزیز شێخ جێگری سەرۆكی لقی هەولێری میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، زۆربەی میوانخانە و چێشتخانە و هوتێلەكان لە ئاكامی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا لەكار كەوتوون، تەنیا ئەو رێستورانت و چێشتخانانە كار دەكەن كە بەشێوەی دیلیڤەری خواردن دابین دەكەن یان فەست فوود پێشكەشی میوانان دەكەن.
جگە لەمە یەكێك لە گرنگترین كێشەكانی میوانخانەكان لەگەڵ خاوەن موڵكەكان، كەڵەكەبوونی كرێیەكی زۆرە لەسەریان و رۆژ بە رۆژیش ئەم كێشەیە زیاتر كەڵەكە دەبێت و نەتوانراوە بە میكانیزمێكی رێك چارەسەر بكرێن.
ئەو بەرپرسەی میوانخانەكان روونی كردەوە، كێشە لە نێوان خاوەن موڵكەكان و خاوەن چێشتخانە و هوتێلەكاندا هەیە و پێویستە بەخشینێك هەبێت یان بە رێژە كرێكەیان لەسەر كەم بكرێتەوە. ئەو گوتی حكوومەت بڕیاری داوە دوو مانگ لە باج و رسوومات خۆش بێت، بەڵام ئەمە ناتوانێ دەردی ئەوان چارەسەر بكات.
بڕیارەكان بۆ نەكردنەوەی زۆر شوێن و كافتریا و چێشتخانەكان و ئەو رێوشوێنە توندەی لە نێوان هاتوچۆی پارێزگاكان هەیە، هۆكار بووە لەوەی خەڵكێكی زۆر بێكار بن و تەنیا لە هەولێر 120 كافتریا داخراون.
حكوومەت ئاسانكاری بكات بۆ كردنەوەی سەرجەم شوێنەكان و رێی نێوان پارێزگاكان بكرێتەوە
شكور عەزیز بە پێویستی دەزانێت حكوومەت ئاسانكاری بكات بۆ كردنەوەی سەرجەم شوێنەكان و رێی نێوان پارێزگاكان بكرێتەوە، بەو مەرجەی رێنوێنییەكان توندتر بكرێن بۆ ئەوەی هەناسەیەك بە بازاڕەكەیان بدرێت.
جێگری سەرۆكی لقی هەولێری میوانخانە و چێشتخانەكان پێی وایە لە هەموو وڵاتانی تری دنیا بەو ئەنجامە گەیشتوون، ناكرێ تا سەر كاسبییەكان دابخرێن، بەڵكو پێویستە هاوسەنگییەك هەبێت و بازاڕەكان خۆیان لەگەڵ كۆرۆنا بگونجێنن و بە رەچاوكردنی سەرجەم رێنوێنییەكان درێژە بە چالاكییەكانیان بدەن.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 625 میوانخانە ، 360 مۆتێل و 80 گوندی گەشتیاری و هەزار و 850 رێستۆرانت و كافتریا و زیاتر لە 450 كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری هەن کە هەلی کاریان بۆ هەزاران کەس دابین کردووە.