رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورەدایە

:: AM:11:01:21/07/2020 ‌
لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر لیبیا و دەستوەردانی ئەم وڵاتە لە كاروباری ناوخۆی لیبیا، خەریكە جەنگێكی گەورە لە ناوچەكە هەڵدەگیرسێنێت. پەرلەمانی میسر رەزامەندی ناردنی سوپا بۆ لیبیای دا و ئەمەش بە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی جەنگێكی گەورە لێك دەدرێتەوە.

توركیا بۆ یەكەم جار لە دوای رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ساڵی 1918، خۆی گەیاندووەتە ئەو ناوچانە
حكووومەتی توركیا بۆ یەكەم جار لە دوای رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ساڵی 1918، خۆی گەیاندووەتە ئەو ناوچانەی 102 ساڵە لێیان دابڕاوە. ئەو وڵاتە بە تانك و تۆپ و مووشەك و هێزی سەربازی گەیشتووەتە بەندەرەكانی لیبیا و هەزاران چەكداری لە سووریاوە بۆ لیبیا گواستووەتەوە، دەیەوێت هاوسەنگی هێز بە لایەنێكی نزیك لە خۆی بشكێنێتەوە.

پاڵپشتییەكانی توركیا هۆكار بووە لەوەی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانیی كە لە گرووپە ئیسلامییەكان پێكدێت، پاشەكشە بە هێزەكانی خەلیفە حەفتەر بدەن كە لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەكرێت.

تۆپی جەنگەكە لە گۆڕەپانی میسرە 
ئەوەی زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر لەم دۆخە نیگەران بووە، میسرە كە خاوەنی زۆرترین و بەهێزترین سوپایە لە ناو وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی چاوەڕوانییان زیاتر لە میسر هەیە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی توركیا هەڵوێستی هەبێت.

عەبدولفەتاح سیسی پێشتر بڕیاری دابوو هێز رەوانەی لیبیا بكات و فریای سوپای نیشتمانیی لیبیا بكەوێت، بەڵام بۆ ئەم كارەی پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمان هەبوو.

دوێنێ دووشەم پەرلەمانی میسر مۆڵەتی بە حكوومەت دا هێز رەوانەی دەرەوەی وڵات بكات و ئەمەش دەستی حكوومەتی میسری لە یارمەتیدانی سوپای نیشتمانیی لیبیا واڵا كردووە.
هەریەك لە وڵاتانی رووسیا، میسر، قەتەر، ئیمارات و ئوردن و سوودان و ئەمەریکا لە جەنگی ناوخۆیی لیبیا رۆڵیان هەیە

جگە لە توركیا، هەریەك لە وڵاتانی رووسیا، میسر، قەتەر، ئیمارات و ئوردن و سوودان و ئەمەریکا لە جەنگی ناوخۆیی لیبیا رۆڵیان هەیە، بەشێكیان بە یارمەتی دارایی، بەشێكیان بە پاڵپشتی سیاسی و بەشێكیشیان بە رەوانەكردنی چەك.

لە ساڵی 2011ەوە دوای رووخانی موعەمەڕ قەزافی، جەنگی ناوخۆیی لە لیبیا دەستی پێ كردووە  و لانی كەم لە 2014وە ئەو جەنگە درێژەی هەیە.

لایەنەكانی جەنگ
لیبیا لە دوای قەزافی دابەش بوو بەسەر چەند ناوچەیەكدا، كاتێك هێزەكانی حەفتەر كۆنترۆڵی رۆژهەڵاتیان كرد و ناویان لە خۆیان نا "سوپای نیشتمانی لیبی"، رۆژئاوای وڵاتیش لە دەستی هێزەكانی سەر بە حكوومەتی ویفاقی نیشتمانیدا بوو.

هێزەكانی سەر بە حكوومەت كە فائیز سیراج سەرۆكایەتی دەكات و لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ددانیان پێ نراوە، لە ماوەی رابردوودا فڕۆكەخانەی تەرابلوسیان كۆنترۆڵ كرد و ئێستەش ئامانجیانە شاری ستراتیجیی سێرت كۆنترۆڵ بكەن كە گرنگترین شوێنە بۆ رەوانەكردنی نەوتی لیبیا.

خەلیفە حەفتەر لەلایەن رووسیا، ئیمارات و میسرەوە پشتیوانی دەكرێت، توركیا و قەتەر و سوودانیش پشتیوانی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانی دەكەن.

لەو كاتەوە توركیا هێزی رەوانەی لیبیا كردووە هاوسەنگی هێز لە قازانجی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانیی شكاوەتەوە
لەو كاتەوە توركیا هێزی رەوانەی لیبیا كردووە هاوسەنگی هێز لە قازانجی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانیی شكاوەتەوە و دەگوترێ بەشێك لەو سەركەوتنانە پێوەندی بەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانە هەیە كە توركیا لەم جەنگە سووودیان لێ وەردەگرێت.

میسر رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت 
رووسیا كۆمەڵێك فڕۆكەی رەوانەی لیبیا كردووە و پێشتریش لەلایەن هێزەكانی واگنێر یارمەتی حەفتەری داوە. ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیش بە ناردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و میسریش بە ناردنی هێز بۆ یارمەتیدانی خەلیفە حەفتەر لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەوانەیە پێشهاتەكان لە قازانجی خەلیفە حەفتەردا یەكلا بكەنەوە.

مانگی رابردوو هێزەكانی حەفتەر لە تەرابلوسی پایتەخت نزیك كەوتبوونەوە، بەڵام بە پاشەكشەكردنی بەشێك لە هێزەكانی سەربە رووسیا، خەلیفە حەفتەر ناچار بوو بكشێتەوە.

میسر هەزار و 200 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ لیبیادا هەیە و ناخوازێت ئیسلامییە توندڕەوەكان كە لە لایەن ئەردۆغانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەم ناوچەیە بەدەستەوە بگرن و ببنە سەرئێشە بۆ میسر.

زۆربەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی لیبیا بەدەستی هێزەكانی سوپای نیشتمانیی لیبیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە، ناوچەكانی رۆژئاوا و باكوری رۆژئاواش بەدەستی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانییە.

دیار نییە ئەمەریكا چی بە سیسی گوتووە
بەگشتی جەنگەكە خەریكە گەورەتر دەبێت و دوای ئەوەی پەرلەمانی میسر رێی بە سیسی دا سوود لە سوپا وەربگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی حەفتەر بدات، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن پێوەندی بە سەرۆك كۆماری میسرەوە كرد.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، ترەمپ خوازیاری ئەوە بووە لە لیبیا هەوڵەكان زیاتر بۆ چەسپاندنی ئاشتی بەگەڕ بخرێن و لە رێی دانوستانەوە هەوڵ بدرێت سەقامگیری سیاسیی بۆ لیبیا بگەڕێننەوە.

سیسیش بۆ ترەمپ پێداگری لەوە كردووە هێزی دەرەكی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی لیبیادا نەكەن
سیسیش بۆ ترەمپ پێداگری لەوە كردووە هێزی دەرەكی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی لیبیادا نەكەن كە مەبەستی توركیایە، بە پێویستی زانیوە هێزەكانی توركیا لە لیبیا بكشێنەوە بۆ ئەوەی زەوینەی دانوستان و گفتوگۆ لەم وڵاتە بڕەخسێنرێت.

هەڵبەت ئەمە ئەو شتانەیە كە بە فەرمی باس كراوە و دیار نییە ترەمپ چی بە سیسی گوتووە، ئەگەر گڵۆپی سەوزی هێرشی سەربازی و پاڵپشتیكردنی بە سیسی دابێت، ئەوا پێشبینی دەكرێ لە رۆژانی داهاتوودا دۆخەكە بە زیانی ئەردۆغان و لە قازانجی حەفتەر یەكلا بكرێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان