ئەو پلە گەرمییەی بۆ شارەكانی كوردستان رادەگەیەنرێت یان رۆژانە پێشبینی دەكرێن، لەو پلە گەرمییە كەمترە كە لای هاووڵاتییان بە پشتبەستن بە ئامێری جیاوازی گەرماپێو لە ناو ئۆتۆمبێل یان ماڵان تۆمار دەكرێن. دەردەكەوێت هەردوو زانیاری راستن، بەڵام هەر كامێكیان پاساوی جیاوازیان بۆ بەرزیی پلەكە هەیە.
زۆر جار هاووڵاتییان دەزگاكانی كەشناسی بەوە تۆمەتبار دەكەن پلەی راستەقینەی گەرما ئاشكرا ناكەن، بۆیەش لەم راپۆرتەدا هەوڵ دراوە لەو جیاوازییە بكۆڵرێتەوە و هۆكاری جیاوازیی پلەی گەرمی لای دەزگای كەشناسی و لای هاووڵاتییان بخاتەڕوو.
ساڵی رابردوو لە مانگی تەمووزدا بەرزترین پلەی گەرمی لە هەولێر 44.6 بووە
بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ساڵی رابردوو لە مانگی تەمووزدا بەرزترین پلەی گەرمی لە هەولێر 44.6 بووە و لە مانگی ئابیش تا 45.8 بەرز بووەتەوە. ئەگەر بە هاووڵاتییەك بڵێی ساڵی رابردوو لە هەولێر پلەی گەرما هیچ كاتێك نەگەیشتە 46، بە دڵنیاییەوە باوەڕت پێ ناكات.
لەوانەیە زۆر كەس ئەم زانیارییە بخوێننەوە باوەڕ نەكەن و بڵێن لە ناو ئۆتۆمبێلەكانیان 50 پلەی سیلیزیش تۆمار كراوە و ناكرێ لە گەرمترین كاتی ساڵدا لە هەولێر پلەی گەرمیی 46 تۆمار نەكرێت.
تۆماركردنی پلەی گەرمی بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵێكی جیهانییە
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بۆ "وشە" لەبارەی ئەو جیاوازییەی پلەی گەرمی فەرمانگەكەیان لەگەڵ ئەوەی لای هاووڵاتییان تۆمار دەكرێ، گوتی تۆماركردنی پلەی گەرمی لای ئەوان بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵێكی جیهانییە و ناتوانن جیاواز لەو پرۆتۆكۆڵە كار بكەن.
وەك زیاتر خستیەڕوو فەرمانگەكانی كەشناسیی دنیا كاتێك ئاماژە بە پلەی گەرمی شوێنێك دەكەن، مەبەستیان پلەی گەرمی هەواكەیە نەك تیشك و كاریگەرییەكانی.
ئەو روونی كردەوە بۆ زانینی پلەی گەرمی هەوای شارێكی وەك هەولێر، ئامێری گەرماپێوەكە لە ناو سندووقێكی دار دادەنرێت كە هەوای دەوروبەری خۆی بۆ دەگوازرێتەوە، بەڵام تیشكی راستەوخۆ لێی نادات و دواجار پلەی گەرمیی ناو چوارچێوە دارەكە بە پلەی گەرمی هەوای شارەكە هەژمار دەكرێت.
كاتێك تیشكی خۆر لە شوێنێك دەدات، كاریگەرییەكانی ئەم تیشكە هێندەی تر پلەی گەرمی بەرز دەكاتەوە، تەنانەت لە فەرمانگەكانی كەشوهەوا ئامێرەكە سەرووی مەترێك بەرزتر لە زەوی دادەنرێت بۆ ئەوەی تیشكدانەوەی زەوی كاریگەریی لەسەر ئامێرەكە نەبێت.
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێ هەردوو زانیاری راستن و پێویستە هاووڵاتییان ئەوە بزانن كاتێك دەزگاكانی كەشناسی پێشبینی دەكەن پلەی گەرما لە هەولێر بۆ 46 بەرز دەبێتەوە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بكەن لە ناو شار و بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەرییەكانی ئەو گەرمایەی لە زەوی و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەكانەوە بڵاو دەبێتەوە، پلەی گەرمی سەرووی پێنج پلەی تر هەڵدەكشیت و لە 50 پلەی سیلیزی لادەدات.
ئەو جۆرە لە پێوانی پلەی گەرمی، پێنج تا هەشت پلە جیاوازی هەیە
بەڕێوەبەرەكەی كەشناسی هەرێم دەڵێ، ئەو جۆرە لە پێوانی پلەی گەرمی، پێنج تا هەشت پلە لەگەڵ ئەوە جیاوازی هەیە كە لەلایەن هاووڵاتییان تۆمار دەكرێت.
چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرما رووی لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی عێراق كردووە و پلەكانی گەرمی بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.
هەر ئێستە لە كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، هەولێر لە بەرزترین پلەی گەرمیدایە كە لەمساڵدا تۆمار كرابێت. بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلە لە نزمە پاڵەپەستۆیەی هەوا، تا كۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت و لە سەرەتای مانگی ئابەوە كەمێك لە پلەكانی گەرمی دادەبەزن.
بەپێی پێشبینییەكانی ماڵپەڕی جیهانی
worldweathe ئەمڕۆ لە هەولێر پلەی گەرمی 48 تۆمار دەكرێ، بەڵام سبەی چوارشەم بەرزترین پلەی گەرمی هەر لە هەولێر 46 دەبێت و تا كۆتایی مانگ و تەواوبوونی كاریگەرییەكانی نزمە پاڵەپەستۆكە، بۆ 44 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
دەزگا كەشناسییەكان هەر ئەمڕۆ بۆ بەغدا پێشبینی 52 پلەی سیلیزییان كردووە، سبەی چوارشەمیش هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە و لە كۆتایی مانگ بۆ 48 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
چ لە هەولێر و چ لە بەغدا پلەكانی گەرمی چەند پلەیەك بەرزتر دەبن لەو پلە گەرمییانەی ئاماژەیان پێ كراوە.
ئەو دوو نموونەیە لە پلەی گەرمی هی دەزگاكانی كەشناسییە، لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت چ لە هەولێر و چ لە بەغدا پلەكانی گەرمی چەند پلەیەك بەرزتر دەبن لەو پلە گەرمییانەی ئاماژەیان پێ كراوە.
شەقامی قیرتاو، دیوار و ئۆتۆمبێل و هەموو ئەو شتانەی لەسەر زەوی هەن، بە تیشكی خۆر زیاتر گەرم دەبن و ئەو گەرمایەش دواتر ئازاد دەكەن، بۆیە تەنانەت دوای ئاوابوونی خۆریش لە ناو شار، هەست بەگەرمایەكی زۆر دەكرێ. كاتێك ئۆتۆمبێل لە گەرمترین كاتی رۆژ لە سەنتەری شارەوە بیەوێت بۆ دەرەوەی شار بڕوات، لەگەڵ دەرچوونی لە شارەكە و دووركەوتنەوە لە سەنتەر، هەست بەوە دەكات پلەی گەرمی دادەبەزیت.