كاریگەری كۆرۆنا بۆ سەر دڵ درێژخایەن دەبێت

:: PM:07:58:28/07/2020 ‌

تەنیا چەند مانگێكە بڵاو بووەتەوە و سەرانسەری وڵاتانی داگرتووە، ژمارەی قوربانیانی ملیۆنان كەسن، تا ئێستە توێژینەوەكان زیانی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدۆزنەوە، نوێترین توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە ڤایرۆسەكە شوێنەواری مەترسیداری لەسەر دڵ هەیە، تەنانەت دوای ماوەیەكی درێژ لە چاكبوونەوە لە نەخۆشییەكە.
78%ی تووشبووان گۆڕانكاری بەسەر دڵیاندا هاتووە
یەكێك لە دوو توێژینەوەی ئەڵمانی لەوبارەوە، وێنەی تیشكی دڵی 100 نەخۆشی چاكبووەوەی پشكنیوە و وێنەكانی بە وێنەی دڵی 100 كەسی تری تەندروست بەراورد كردووە، دەركەوت كە 78%ی تووشبووان گۆڕانكاری بەسەر دڵیاندا هاتووە، 76%یان هەمان نیشانەی تووشبوونیان بە نۆری دڵ هەبوو و 60%یش نیشانەی بوونی هەوكردنیان لەسەر دیار كەوت.

شایەنی باسە كە ناوەندی تەمەنی ئەو 100 كەسە، 49 ساڵ بووە و سێیەكیان لە ماڵەوە چاك بوونەتەوە، بەپێی توێژینەوەكە هیچیان هەستیان بەوە نەكردووە كە تووشی كێشەی دڵ هاتبنەوە.

دووەم توێژینەوە، بوونی ئاستی بەرزی ڤایرۆسەكەی لە دڵی 24 نەخۆش دۆزییەوە كە زوو بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەست داوە، لە نێوان 39 نەخۆش، كە توێكاری بۆ تەرمەكانیان كراوە و ناوەندی تەمەنی ئەوان 85 ساڵ بووە.

ئەو دوو توێژینەوە كە ئەنجامەكانیان لە گۆڤاری تەندروستی " STAT"، بڵاو كرایەوە، وریایی دەدەن بەوەی رەنگە زۆرێك لە نەخۆشان تووشی كێشەی درێژخایەن بن لە دڵیان، توێژەران نیگەرانن، بەڵام ئاماژە دەكەن هێشتا زووە بگوترێ ئەو زیانەی بە دڵی ئەوانەی لە پەتاكە چاكبوونەتەوە، تێپەڕ دەبێت یان بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل