دوو رۆژی ماوه بۆ جه‌ژنی قوربان، په‌یامنێری "وشه" بۆ گواستنه‌وه‌ی دۆخی بازاڕ و ئاماده‌كارییه‌كان سه‌ردانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی كردووه و هه‌ر له به‌یانییه‌وه هاووڵاتییان روویان كردووه‌ته بازاڕ بۆ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌كان بكڕن.
له‌چاو جه‌ژنی رابردوو بازاڕ زیاتر جووڵاوه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 29ی تهمووز، زانیار محه‌مه‌د له‌ناو بازاڕی سلێمانی چكلێت و نوقڵی بۆ فرۆشتن ئاماده كردووه و ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژن، واتا دوو بۆ سێ رۆژ پێش جه‌ژن هاووڵاتییان ده‌ست به ئاماده‌كاری و كڕینی پێویستییه‌كان ده‌كه‌ن، شته گرنگه‌كانی جه‌ژنیش هه‌ره پێویستهكهیان چكلێت و نوقڵه، چونكه ده‌بێت هه‌موو ماڵێك هه‌یبێت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، تا ئاستێكی زۆر هاووڵاتییان گرنگی به جه‌ژن ده‌ده‌ن و خواردن و خواردنه‌وه‌كان به‌تایبه‌ت شه‌ربه‌ت و شیرینی ده‌كڕن، ئه‌م دوو رۆژه هاووڵاتی زووتر دێنه بازاڕ تا تووشی قه‌ره‌باڵغی ئێواران نه‌بن و به ئاسانی بتوانن پێویستییه‌كان بكڕن.
ره‌وا كه‌ریم دوكانی جلوبه‌رگی له‌ناو بازاڕی سلێمانیدا هه‌یه و وه‌ك بۆ "وشه" ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌م جه‌ژنه له‌چاو جه‌ژنی رابردوو بازاڕ زیاتر جووڵاوه و خه‌ڵكی دۆخی ئابوورییان باشتر دیاره، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م بازاڕ قه‌ره‌باڵغتره و هه‌م فرۆشی ئه‌م بهرهجهژنهمان له‌چاو جه‌ژنی ره‌مه‌زان زیادی كردووه.
محه‌مه‌د ڕه‌شید خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی قڕگهیه و پێش نیوه‌ڕۆ سه‌ردانی بازاڕی كردووه و پێویستییه‌كانی كڕیوه، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، به‌یانیان بازاڕ زۆر چۆڵه و تا ئاستێكیش كه‌شوهه‌واكه فێنكتره له ئێواران كه سه‌ره‌ڕای گه‌رماكه، حه‌شاماتێكی زۆر له هاووڵاتییان و عه‌ره‌بانه و ده‌ستگێڕه‌كان و ئۆتۆمبێل رووی تێده‌كه‌ن.
گوتی، به‌و به‌یانییه پێویستییهكانم كڕیوه و ئاماده‌كاریم كردووه بۆ جه‌ژن و گرنگی به جه‌ژنه‌كان ده‌ده‌ین، ئه‌مساڵ به‌هۆی دۆخی ته‌ندروستییه‌وه جه‌ژن جیاوازه، هه‌رچه‌نده دۆخه‌كه هه‌ر چۆنێك بێت هاووڵاتییان ئاماده‌كاری بۆ ده‌كه‌ن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی