لە جەژندا بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبیت ئەم خاڵانە جێبەجێ بكە

:: AM:11:37:30/07/2020 ‌
دوای ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕای گەیاند، ئێستە ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی لە كەمی كردووە، بەڵام هێشتا مەترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوە، بەتایبەت ئەگەر رێكارەكانی خۆپارێزی لە جەژنی قورباندا پێڕەو نەكرێت، پزیشكێكی كورد لەوبارەیەوە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان.

ئەوانەی كەسوكاریان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانە و لە شارێكی ترە، پێویستە بەنامە و تەلەفۆن جەژنە پیرۆزە بكەن
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی تەمووز، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر كارزان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر و سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زانكۆی سەڵاحەدین بە "وشە" ڕا گەیاند، پێمان باشە هاووڵاتییان جەژن لە ماڵەكانی خۆیان بكەن بەتایبەت ئەوانەی كەسوكاریان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانە و لە شارێكی ترە، پێویستە بەنامە و تەلەفۆن جەژنە پیرۆزە بكەن.

زیاتر گوتی، "بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە شارێك بۆ شارێكی تر لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر خراپترە، دەكرێ لە هەر بڵابوونەوەیەكی خێرا بتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین، بۆیە پێویستە هاتوچۆ و سەردانی یەكتر كەم بكرێتەوە یان هەر نەكرێت."

ڕوونی كردەوە، "ئەمەیش بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی نەخۆش و بەركەوتەن، ڤایرۆسەكە زیاتر بڵاو نەكەنەوە لە ڕێی سەردانكردن لە جەژندا، بەڵام لەكاتی سەردانكردنی كەسی زۆر نزیك وەك دایك و باوك و برا و خوشك، پێویستە بەردەوام دەمامك ببەستیت و دەستەكانت بە پاككەرەوە پاكژ بكەیت و لەگەڵ ھیچ كەسێك زیاتر لە 15 خولەك نەمێنینەوە، مەودای نێوانتان دوو مەتر كەمتر نەبێت و ماچكردن و باوەشكردن بەهەموو شێوەیەك قەدەغە بكرێت".

ئاشكرای كرد، "لە ماڵەكاندا پێویستە دەمامك بەبەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی لەكاتی سەردانییەكان هیچ گواستنەوەیەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوو نەدات، ئەگەر ماڵێك قەرەباڵغ بوو، كاتێكی تر سەردانی بكە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی زۆر دروست نەبێت".

"لە هەموو گرنگتر پاككردنەوەی ماڵە بە تایبەت ئەو ژوورانەی میوان لێی پێشوازی دەكرێت، دوای ڕۆیشتنی میوان پێویستە شوێنی دانیشتنەكان بە سپڕای كحوولی بڕشێنن بۆ تەعقیمكردنی ئەو جێیە و دڵنیابوون لە نەبوونی ڤایرۆسێكی كۆرۆنا". دكتۆر كارزان محەمەد وای گوت.

شایانی باسە لە هەرێمی كوردستاندا دواین ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەمشێوەیەیە كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كراوەتەوە، 13 هەزار و 246 تووشبوو لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، هەشت هەزار و 896 كەس چارەسەر كراون و گەڕێنراوەتەوە ماڵەوە، 517 كەسیش مردوون.



وشە - محەمەد میران