هوواوی بازاڕەكانی دنیا داگیر دەكات

:: PM:03:31:30/07/2020 ‌
سەرەڕای ئەو هەمووە رێگرییە نێودەوڵەتییانەی لەسەر چالاكییەكانی كۆمپانیای هوواوی "HUAWEI" هەن بەڵام ئەو كۆمپانیایە رۆژ بەرۆژ زیاتر گەشە دەكات و خەریكە دەست بەسەر سەرجەم بازاڕەكانی مۆبایل و گەیاندندا دەگرێت.

لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا كۆمپانیای سامسۆنگی كۆری لە فرۆشتنی مۆبایلدا لە دنیا پێشەنگ بووە بەڵام ئەمساڵ بۆ یەكەم جار كۆمپانیای هوواوی "HUAWEI" كە كۆمپانیایەكی چینییە پێش سامسۆنگ كەوتەوە و سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد.

دامەزراوەی كانالیز كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوەی بازاری مۆبایل و نووسینگە سەرەكییەكەی لە سەنگاپوورە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشكرای كرد لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا كۆمپانیای هوواوی لە فرۆشتنی بەرهەمەكانیدا پێش كۆمپانیای سامسۆنگ كەوتەوە.

هوواوی دوو ملیۆن ئامێری زیاتری فرۆشتووە

هەر بە پێی ئامارەكە لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا كۆمپانیای هوواوی 55 ملیۆن و 800 هەزار ئامێری مۆبایلی فرۆشتووە بەڵام كۆمپانیای سامسۆنگ 53 ملیۆن و 800 هەزار ئامێری فرۆشتووە.
گەورەترین بازاڕی هوواوی لە چینە و 70%ی كۆی بازاڕی فرۆشتنی مۆبایل لە چینی بەدەستەوەیە

ئێستە كۆمپانیای هوواوی لە دنیادا بە گەورەترین فرۆشیاری مۆبایل هەژمار دەكرێت. هەرچەندە سزاكانی ئەمەریكا هۆكار بووە لەوەی بازاڕی هوواوی لە دەرەوەی وڵات سنووردار بێت بەڵام گەورەترین بازاڕی هوواوی لە چینە و 70%ی كۆی بازاڕی فرۆشتنی مۆبایل لە چینی بەدەستەوەیە و تەنیا 30% لە بازاری مۆبایل بەر كۆمپانیاكانی تر دەكەوێت.

لەدوای ئەو تەنگژە ئابوورییەی بە هۆی كۆرۆنا بەربینگی چین و زۆربەی وڵاتانی گرت، دەگوترێ چین قۆناغی تەنگژەی ئابووری تێپەڕكردووە و لەو دۆخەشدا كۆمپانیای هوواوی زۆرترین قازانجی كردووە.

ئارەزووی كۆمپانیای هوواوی زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە ناوخۆی چین بەرهەمەكانی ساغ بكاتەوە بەڵكوو دەیەوێت لە تەواوی وڵاتانی دنیا بازاڕ بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

كۆمپانیاكان ترسیان لە هوواوی هەیە

لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بازاری هوواوی لە دەرەوەی وڵات بە رێژەی زیاتر لە 30%  كەمی كردووە و كۆمپانیاكانی ئەوروپاش بە پارێزەوە مامەڵە لەگەڵ هوواوی دەكەن و حەز دەكەن لەگەڵ كۆمپانیای تر گرێبەست بكەن. گوشارەكانی ئەمەریكا لە سەر كۆمپانیاكانی ئەوروپا بە گرنگترین هۆكاری پاشەكشەكردنی كۆمپانیاكانی بواری ئەلكترۆنی لە هوواوی هەژمار دەكرێت.
ئەمەریكا سەرجەم چالاكییەكانی هوواوی لە خاكی خۆت راگرتووە

حكوومەتی ئەمەریكا سەرجەم چالاكییەكانی هوواوی لە خاكی خۆت راگرتووە و هەر جۆرە هاوكاریكردنێكی هوواویشی لەسەرجەم كۆمپانیاكانی ئەمەریكا قەدەغە كردووە و گوشاری خستووەتە سەر وڵاتانی هاوپەیمانیشی هەر جۆرە هاوكاریكردنێكی هوواوی بوەستێنن.

جگە لە بەرهەمهێنانی مۆبایل كۆمپانیاكە لە بواری تۆڕەكانی گەیاندنیش چالاكی هەیە و نووسینگە سەرەكییەكەی لە شاری شنژنی چینە و لە تەواوی دنیا 180 هەزار فەرمانبەری هەیە.

تۆمەتبارە بە كاری هەواڵگری
ئەمەریكا كۆمپانیا چینییەكەی بەئەنجامدانی كاری هەواڵگری و دزینی زانیاری تۆمەتبار كردووە بەڵام بەرپرسانی چینی ئەمەیان رەت كردووەتەوە.

پێویستە بگوترێت كۆمپانیای هوواوی تاوەكوو ئێستە لە سیستەمی ئەندرۆید سوود وەردەگرێت كە هیی كۆمپانیای گووگڵە. ئێستە گووگڵیش بۆی نییە هیچ جۆرە هاوكارییەكی هوواوی بكات و هەر ئەوەش هۆكار بووە لەوەی نرخی بەرهەمەكانی هوواوی لە تەواوی دنیا دابەزن.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە هوواوی  بە گەورەترین كۆمپانیای پەرەپێدانی بواری گەیاندن هەژمار دەكرێت و سیستەمی 5G خستووەتەروو كە لە دنیادا دەستێكی باڵای هەیە.
وڵاتان بە گومانەوە لە كارەكانی هوواوی دەڕوانن

وڵاتان بە گومانەوە لە كارەكانی هوواوی دەڕوانن  و دەڵێن راستە كۆمپانیایەكی تایبەتییە بەڵام دواجار سەربەخۆ نییە و هەر دەبێ گوێرایەڵی بڕیارەكانی حزبی كۆمۆنیستی چین بێت.

هەر لەبەر ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆمپانیاكەی خستووەتە نیو لیستی رەشەوە و هەر جۆرە بازرگانی  وهاوكاریكردنێكی لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە قەدە‌غە كردووە.

دوای ئەوەی بەرپرسانی پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریكا FBI و دەزگای هەواڵگری CIA و ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی NSA و سێ دامەزراوەی هەواڵگری تر لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كۆمسیۆنە پێوەندیدارەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لەبارەی بەكاربردنی ئەم بەرهەمە چینییە هۆشدارییان دا دۆناڵد ترەمپ لە دژی هوواوی هەنگاوی نا.

كۆمپانیای هوواوی هەموو ئەو تۆمەتانەی رەت كردووەتەوە و دەڵێت ئەوان تەنیا كار بۆ كوالێتی بەرهەمەكەیان دەكەن.

كۆمپانیاكە لە ساڵی 1980 دامەزرا كە سەرەتا كۆمپانیایەكی بچووكی بواری گەیاندن بوو و دواتر پەرەی پێ درا. خاوەنی كۆمپانیاكە لە ساڵی 1987 كۆمپانیای تەكنەلۆجیای "هوواوی" دامەزراند.

نرخی مۆبایلەكە بەراورد بە ئایفۆن و گالاكسی هەرزانترە
ئەم جۆرە مۆبایلە لە بازاڕەكانی كوردستانیش هەن و خەڵكێكی زۆر خاوەنی ئەم جۆرە مۆبایلن. نرخی مۆبایلەكە بەراورد بە ئایفۆن و گالاكسی هەرزانترە و  هەر بۆیەش لەمدواییانەدا كە باری ئابووری خەڵك لە هەرێمی كوردستان لاوازتر بووەم بازاری هووواویش خۆش بووە و كەم ماڵ هەیە یەكێك لە ئەندامانی خێزان سوود لە بەرهەمەكانی هوواوی وەرنەگرێت.




وشە - سلێمان تاشان