شارەزایەكی ئەمەریكی: پێویستە چاوەكانیش لە كۆرۆنا بپارێزرێن

:: PM:04:42:30/07/2020 ‌

تا ئێستە مەترسییەكانی كۆرۆنا و ژمارەی قوربانیانی لەسەر ئاستی دنیا لە هەڵكشانە، ئەنتۆنی فاوچی، شارەزای پەتازانی ئەمەریكی رای گەیاند كە رەنگە لە قۆناغێكدا رێنوێ بدات بە پاراستنی چاوەكان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەپاڵ بەستنی دەمامك. 
ڤایرۆسەكە لە لووت و دەم و چاوەوە دەچێتە ناو لەش
ئەو شارەزایە لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز"، روونی كردەوە، رەنگە پاراستنی چاوەكانیش پێویست بێت بۆ خۆبەدوورگرتن لەو پەتایە، روونی كردەوە، كۆرۆنا تووشی رووە تەڕ و شێدارەكان یان چەند بەشێكی لەش، وەك چاوەكان و لووت و دەم دەبێت، كە شلە دروست دەكەن بۆ رێگرتن لە چوونی هۆكاری نەخۆشی و پیسی بۆ ناو لەش، بۆیە باشترین خۆپارێزی بۆ ئەو رووە تەڕانە، داپۆشینیانە.

زیاتر گوتی، بۆیە پێویستە ئەو رووە تەڕانە بپارێزین، جا ئەگەر چاویلكەی پاراستنی چاوت هەیە، پێویستە بەكاری بێنیت، فاوچی ئاشكرای كرد، ئێستە لەسەر ئاستی جیهانیدا رێنوێنی بۆ داپۆشینی چاوەكان نییە، بەڵام خۆپاراستنی تەواوەتی لەو ڤایرۆسە وا پێویست دەكات.

پێشتر جۆزێف فیر، زانای ڤایرۆسەكان و پەتازانی ئەمەریكی كە تووشی كۆرۆنا هاتبوو، رای گەیاند لە رێگەی چاوەكانی و لەناو فڕۆكەیەكی قەرەباڵغ ئەو ڤایرۆسەی بۆ گواستراوەتەوە، روونی كردەوە، دەمامك و دەستكێشم بەستبوو و مادەی پاككەرەوەم بە كار هێناوە، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە رێگەی چاوەوە هەر هەیە، بێگومان من لەو گەشتە چاویلكەم لە چاو نەبوو. 

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، چاوەكان یەكێكن لە سێ رێڕەوی ئەگەری تووشبوون بە پەتاكە فەراهەم دەكەن، كە رەنگە گرنگی پێ نەدەین و زیاتر گرنگی بە لووت و دەم بدەین، وەك دوو رێڕەوی باو كە دایان دەپۆشین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل