ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ێ ئه‌مه‌ریكی دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه له دوای كوشتنی هیشام ئه‌لهاشمی پسپۆری ته‌ناهی له به‌غدا، كه وه‌ك یه‌كێك له تیمی یاریده‌ده‌ر و ڕاوێژكارانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوی ده‌برا، زۆرێك له یاریده‌ده‌رانی كازمیش هه‌ڕه‌شیان لێ كراوه و عێراقیان به‌جێهیشتووه و هه‌ڵاتوون.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی
عێراق ده‌ست ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ێ ئه‌مه‌ریكی كه‌وتووه، دوای كوشتنی هیشام هاشمی و هه‌ڕه‌شه‌كردن له یاریده‌ده‌رانی، كازمی ویستوویه‌تی ڕاستییه‌كان ئاشكرا بكات و جه‌نگ دژی میلیشیاكان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ڕاگه‌یاندنی ڕاستییه‌كان، تووشی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی ده‌كاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش تواناكانی حكوومه‌ت له توانای میلیشیاكان كه‌مترن و میلیشیاكان زۆر به‌هێزتر و كاریگه‌رترن.
میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه‌یان له یاریده‌درانی كازمی كردووه و واده‌ی كوشتن‌یان بۆ دیاریی كردوون
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، كوشتنی هاشمی هه‌ر ته‌نیا ڕووداوی كوشتنی كه‌سایه‌تییه‌ك نییه، به‌ڵكو په‌یامێكی زۆر توند و به‌هێزیش بوو بۆ حكوومه‌تی كازمی، كه خه‌ریك بوو توانا و ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاكانی سنووردار ده‌كرد، له ڕێی ئه‌و په‌یامه‌وه میلیشیاكان كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌یان وریا كرده‌وه، كه ئه‌گه‌ر ده‌سبه‌رداری ململانێی ئه‌وان نه‌بن، ده‌توانن هه‌رچی بیانه‌وێ دژ به به‌رپرسانی حكوومه‌ت ئه‌نجامی بده‌ن و دیارده‌ی كوشتن و ڕفاندن زۆر به‌ربڵاوتر بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له چه‌ندان یاریده‌ده‌ری تری كازمی كردبوو.
سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌یشیان ڕاگه‌یاندووه، كه یاریده‌ده‌ر و ڕاوێژكارانی كازمی له نێو خۆیان گفتوگۆیان كردووه و پرسیاری ئه‌وه‌یان كردووه، كه دوای هاشمی سه‌ره‌ی كێ دێت، تا ببێته قوربانی ده‌ستی میلیشیاكان؟ بۆیه زۆرێكیان به ناچاری هه‌ڵاتوون و عێراقیان جێهێشتووه.