بازیان.. هەشت مانگە مۆلیدەی ئەهلی کارەبا نادات و ئەمڕۆ داخرا

:: PM:03:34:01/08/2020 ‌
ماوەی هەشت مانگە مۆلیدەی ئەهلیی شارەدێی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی کۆن بووە و کارەبا ناداتە ماڵان، ئەمڕۆ دانیشتووانی شارەدێکە هێرشیان کردە سەر شوێنەکە و مۆلیدەکەیان داخست. 

هاوڵاتیانی شارەدێی بازیان باس لەوە دەکەن، ئەو مۆلیدەیە نە لە زستان و نە هاوین کە پلەی گەرمی لە نزیک پەنجایە، ناتوانێت کارەبا بدات و چەندان جار داوامان کردووە بگۆڕدرێت و چاکبکرێت بەڵام بە دەم داواکاریەکەمانەوە نەهاتوون.

ئەمڕۆ شەموو یەکی ئاب ئامانج حسێن هاووڵاتییەکی شارەدێکە بە "وشە"ی راگەیاند، دوای هەشت مانگ لە بەڵێن و پەیمانی چاککردنی مۆلیدەکە، بەیانیی ئەمڕۆ چووینە سەر مۆلیدەکە و دامانخست، بەڕاستی شەرمەزارییە هەشت مانگ نەتوانرێ مۆلیدەیەک چاک بکرێ، تا سەعاتێک بە باشی کارەبا دەدات سێ رۆژ کارەبا نادات و ئامێرەکانمان هەمووی سووتا لە کەمتەرخەمیی ئەوانەی بەرپرسن.

زیاتر گوتی، مۆلیدەکە بە یەکجاری وێران بووە، هیچی بە کەڵک نایەت و سوودی نەماوە و لەم کاتی گەرما و چلەی هاوینە کە مانگی ئابە، کارەبای نیشتمانی دەبڕێت ناتوانێ کارەبا بدات، زوو زوو دەشکێت و چەندان جار سەردانی بەڕێوەبەری شارەدێکە و بەشی سەرپەرشتیاری مۆلیدەکانی سنوورەکەمان کردووە بۆ چارەسەکردنی کێشەکە، بەڵام چارەسەر نەکرا.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ باس لەوە کرا کە گوایە خاوەن مۆلیدەکە  بە پشت بەستن بە بەرپرسی حزبی دەستی بە هەڕەشەکردن کردووە، هاووڵاتییان کۆبووینەوە و چووینە سەر مۆلیدەکە و پێمان داخست، نەبوونی باشترە لەوەی بەناوی مۆلیدەوە هیچ کارەبا نەدات و زیانیشمان لێ بدات.

لای خۆیەوە ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان بە "وشە"ی راگەیاند، مۆلیدەکە ماوەیەکی زۆرە ئاوا خراپ بووە، کێشەی شکانی هەبووە و دواتر چاککراوەتەوە و دواتر دووبارە شکاوەتەوە، ئێمە دەزانین خراپە و بانگەوازمان بۆ کردووە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەسەڵات و ئارەزووی دانانی مۆلیدەیان هەیە بۆ ئەوەی هەم کەسەکە و هەمیش مۆلیدەیەکی تر لە جێگەکەی دابنرێت.

زیاتر ڕوونی کردەوە، لەم چەند رۆژانەی داهاتوو ئەو مۆلیدەیە لادەبرێت و کەسی تر مۆلیدەی بۆ دەهێنێت و ئەوەش رەتدەکەینەوە بەرپرسی حزبی دەستی لەو کارەیا هەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕێناس شابان