ماتۆڕ سکیل شەقامەکانی سلێمانی دەتەنن

:: PM:02:42:03/08/2020 ‌
ماتۆڕ سکیل شەقامەکانی سلێمانی دەتەنن و خەڵکی بێزار دەکەن، شارەزایەکی هاتوچۆش رای دەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان هیچ مۆڵەتێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیل نییە.
دەستکاری کیلۆمەتری خێراییان دەکرێت و زیاد دەکرێن

ئەمڕۆ دووسەم سێی ئاب، هەڵکەوت عەبدوڵا شارەزای بواری هاتوچۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر ماتۆڕمان هەیە، ماتۆڕ و ماتۆڕ سکیل، ماتۆڕ سکیل کە خێراییەکەی لە 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا تێپەڕ ناکات و قەبارەی بچوکە، پێویست دەکات ئەوکەسەی بەکاری دەهێنێت بەشداری خوولی پەروەردەیی بکات، لەسەر ئەوەی چۆن بەکاری دەهێنێت و لە شەقامەکان نابێتە هۆی بێزاری خەڵک، جگە لەوەش دەبێ لانی کەم کڵاوی سەلامەتی لەسەر بکات.

زیاتر روونی دەکاتەوە، زۆرێک لەو ماتۆڕسکیلانە بە قاچاخ دەهێندرێن، مەرجەکانی سەلامەتییان لە ئاستێکی زۆر کەمدایە، جگە لەوەش هەندێکیان دەستکاری کیلۆمەتری خێراییان دەکرێت و زیاد دەکرێن، ئەمەش کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

لە بارەی جۆری دووەمیش کە گەورەترن، هەڵکەوت عەبدوڵا دەڵێ، جۆری دووەم دەبێت شۆفێرەکەی جلوبەرگی تایبەتی لەبەربێت، مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕی هەبێت، کە بەداخەوە لێرە مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بۆ ماتۆڕیش دەبێت، لەکاتێکدا دەبێ مۆڵەتی ماتۆڕسکیل جیابێت و هەر شۆفێرێک ڕێنمایی پێ بدرێت چۆن بەکاری دەهێنێت و لایەنی پەروەردەیی چۆن بێت.

"لێرە زۆربەی ماتۆڕ و ماتۆڕسکیلەکان هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تیا نییە، بەکارهێنەرەکانیان هۆشیاریان کەمە، بۆیە زۆر جار رووداوەکان روو دەدەن" هەڵکەوت عەبدوڵا وای گوت.

هەوار ئەحمەد، خانمە شۆفێرێکە لەسلێمانی و وەک بۆ "وشە" باسی دەکات، لە ئێستادا لە شەقامەکانی سلێمانی ماتۆڕ سکیل زیادی کردووە، زۆرجار بەکارهێنەرەکانیان بەهۆی کەم تەمەنییانەوە دەبنە هۆی بێزارکردنی خەڵکی، بەجۆرێک کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەتایبەت خانمان نزیک دەبنەوە، دەنگی ماتۆڕەکانیان بەرز دەکەنەوە و ئەملا و ئەولا دەکەن.

کاروان محەمەد سدیق، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ هەڵمەتێکی تایبەتیان نییە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی مەرجەکانی سەلامەتییان تیادا نییە.

گوتەبێژی هاتوچۆ دووپاتی دەکاتەوە، لە هەر شوێنێک کارێکی سەرپێچی یاسایی کرا، کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی لێپێچینەوە دەکەن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - هیدایه‌ت جان