بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەسەر ناردنی هێز بۆ سەر ماڵە عەرەبێك و هەڕەشەكردن لێیان، زانیاری ئاشكرا دەكات و ئەو كەسە ئێستە هەڵاتووە و لە توركیایە.
ئەمڕۆ سێشەم چواری ئاب، لە ڕوونكردنەوەیەكی جەلال شێخ كەریم بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پشكی یەكێـتیدا هاتووە، وا بڵاو كراوەتەوە گوایە بەفەرمانی ئێمە هێزمان ناردووەتە سەر ماڵی سەرمایەدارێكی عەرەب و هەڕەشەمان لێ كردووە، سەرلەبەری ئەوە زانیارییانە ناڕاستن.
بەهۆی دەستێوەردانی هەندێك لە دەسەڵاتدارانەوە، عەرەبەكە ئازاد كراوە و شەریكێكی هەبووە
باسی لەوەش كردووە، پاش ئەوەی برای شەهیدێكی یەكێتی هاتە لامان و سكاڵای ئەوەی كرد كە كەسێكی عەرەب ناهەقی بەرانبەر كردووە و دەستی بەسەر بڕی نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاریدا گرتووە، ئێمەش بەدواداچوونمان بۆ پرسەكە كرد و بۆمان دەركەوت بابەتەكە ڕاستە، پێشتریش برای شەهیدەكە لە دادگا داوای تۆمار كردووە و دوو مانگ عەرەبەكە لەلایەن ئاسایشەوە گیراوە.
ڕوونی كردووەتەوە، بەهۆی دەستێوەردانی هەندێك لە دەسەڵاتدارانەوە، عەرەبەكە ئازاد كراوە و شەریكێكی هەبووە كە ناوی "سپاردە"یە، هەر بەهۆی ئەو چەند دەسەڵاتدارەوە ئاسانكاریی بۆ كراوە و رایكردووە و ئێستە لە توركیایە.
ئاشكرای كردووە، لەسەر راسپاردەی سەباح بەرزنجی كەسایەتی ناسراوی سلێمانی و كوردستان، كەسێكمان ڕاسپارد بڕوات ئاگەداری عەرەبەكە بكات و بە ئاگەداری چەند كەسێكی تر حەقی برای شەهیدەكە بدەنەوە، بەڵام دواتر ئەو كەسەی ئێمە رامان سپاردبوو، بەرانبەر بە بڕێك پارە ڕێككەوتنی لەگەڵ خاوەن قەرزەكەدا كردووە و هێزی بردووە و هەڵیكوتاوەتە سەر و كۆمپانیا و ماڵی عەرەبەكە، چەند رەفتارێكی نەشیاوی ئەنجام داوە، لەكاتێكدا ئەو كەسەی ئەم كارە نەشیاوەی ئەنجام داوە هەڵگری ناسنامەی دژەتیرۆرە، ڕادەستمان كردووە.
پێشتر هەواڵی هێرشی بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوكرایەوە بۆسەر ماڵێكی عەرەب لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوەیش كاردانەوەی لێكەوتەوە و باس لە چەندین كێشەی جیاواز دەكرا.