رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر ئەگەری لەسێدارەدانی كوردێك هۆشداری دا

:: AM:10:21:04/08/2020 ‌
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەكدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوەی سێدارەدانی كوردێك دەكات. دادگای سەربازیی ورمێ ئەرسەلان خۆدكامی بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان لە دادگاییكردنێكی 30 خولەكیدا بە سێدارە سزا داوە.

ئەرسەلان خۆدكام 47 ساڵە و لە بەهاری 2018 دەستبەسەر كرا. دوای ئەوەی دادگای سەربازیی ورمێ سزای سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنێت، دادگای باڵای ئێرانیش سزاكە پەسند دەكات.

ئەم هاووڵاتییە كە خەڵكی مەهابادە، پلەدارێكی سوپای پاسداران بووە و تۆمەتی ئەوەی بەسەردا سەپێنراوە سیخوڕی بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان كردووە. پێویستە بگوترێ دوو دەیە لەمەوبەر ئەرسەلان ئەندامی حزبی دیموكرات بووە و دواتر لەو حزبە هاتووەتە دەرەوە و چووەتە ناو سوپای پاسدارانەوە.

وەك رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەرسەلان خۆدكام سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی لە رێی ئینستاگرامەوە پێوەندی لەگەڵ خزمێكی هاوسەری هەبووە كە ئەندامی حزبی دیموكراتە.

دەگوترێ لەژێر ئەشكەنجەدا ددانپێدانان لەو كوردە وەرگیراوە و ماوەی دادگاییكردنەكەشی لە ورمێ تەنیا 30 خولەك بووە و لە پارێزەریش بێبەش بووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، جگەلەمە ئەرسەلان بەشێوەیەك ئەشكەنجە دراوە چەند جارێك دڵی لە خۆ بووەتەوە و تەنانەت رێ نەدراوە پزیشك و تیمی تەندروستیش پشكنینی بۆ بكەن.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی حوكمەكەی دادگای بە نادادپەروەرانە هەژمار كردووە
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی حوكمەكەی دادگای بە نادادپەروەرانە هەژمار كردووە و داوای لە رێكخراوەكانی تری مافی مرۆڤ كردووە بە نامەی جیاواز بۆ ئیبراهیم رەئیسی رێ لە جێبەجێكردنی سزاكە بگیرێت.


وشە - سلێمان تاشان