عەمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئاشكرای كرد، لە نێوان ئێران و سعوودیە ناوبژیوانی دەكات و هەوڵەكانی ئیسلام ئاباد لە روونەدانی جەنگ لە نێوان ئێران و سعوودیە سەركەوتوو بووە.
سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە ساڵی رابردوودا دووجار سەردانی ئێرانی كردووە، یەكێكیان لە مانگی نیسان و ئەوەی تریشیان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵەكە بووە.
گەشتەكەی عەمران خان دوای ئەوە هات كە لە ئەمەریكا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ كەوت و دوای سەردانی ئێرانیش یەكسەر سەردانی سعوودیەی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە.
وەك عەمران خان بۆ جەزیرەی باس كردووە، دۆناڵد ترەمپ داوای لێ كردووە دەرگای گفتوگۆ و دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران بكرێتەوە، پێ دەچێت داوا كرابێت پێوەندییەكانی نێوان سعوودیە و ئێرانیش ئاسایی بكرێنەوە.
بەگوێرەی
بی بی سی لە چەند ساڵی رابردوودا پێوەندییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە زۆر ئاڵۆز بووە، كاتێك لە ساڵی 2016 ئێران هێرشی كردە سەر كونسوڵگەی سعوودیە لە تاران، پێوەندییەكان بە تەواوی پچڕان. جگە لەمە هەردوو وڵات ناڕاستەوخۆ دژی یەكتر لە جەنگدا بوون و لە سووریا و یەمەن یارمەتی لایەنەكانی نزیك بە خۆیان داوە.
هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە لووتكەی ئاڵۆزیی پێوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە
دوای هێرش بۆ سەر كونسوڵگەی سعوودیە، هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە لووتكەی ئاڵۆزیی پێوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە، هەرچەندە ئێران تۆمەتەكانی رەت كردووەتەوە.