دوو هەزار و 600 بارهەڵگری ئێرانی چاوەڕوانی پەڕینەوەن بۆ ئەوەی بارەكانیان بۆ ئەفغانستان بگوازنەوە. پشووی جەژنی قوربان هۆكارە لەوەی بارهەڵگرەكان لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.
كەریم نەوایی نزامی بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی دوغارون لە نێوان ئێران و ئەفغانستان ئاشكرای كرد، ئەو ژمارە زۆرە بارهەڵگرە لە نزیك دەروازەكە وەستاون و چاوەڕێی رێپێدانی ئەفغانستان دەكەن.
میدیاكانی ئێران هۆكارەكەیان بۆ كێشەی ژێرخانی بازرگانیی دەروازەكە گەراندووەتەوە و دەڵێن، سنوورەكە توانای پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری بارهەڵگر و ترێڵەی نییە.
یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە لەم دەروازە سنوورییە قەرەباڵغیی دروست ببێت، ئەوەیە لە چوار رۆژی جەژنی قوربان دەروازەكە داخراوە و ئێستەش كە ئاستی داخوازی بۆ سەر بەرهەمی ئێرانی زیادی كردووە ژمارەیەكی زۆری بارهەڵگر روویان لە دەروازەكە كردووە.
ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لە دەروازەكەوە بەرەو ئەفغانستان دەڕۆن سەرووی 10% زیادی كردووە.
بەگوێرەی
بی بی سی بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لە دەروازەكەوە بەرەو ئەفغانستان دەڕۆن سەرووی 10% زیادی كردووە.
لە دیوی سنووری ئێران 10 شوێن هەیە كە تایبەتن بە تۆماركردنی كێشی بارهەڵگرەكان، بەڵام لە دیوی ئەفغانستان تەنیا یەك شوێن هەیە، بۆیەش توانایان نییە بەو ژمارە زۆرە بارهەڵگرە رابگەن. بە تێكڕا رۆژانە 120 بارهەڵگری ترانزێتی لە دەروازەكەوە دەچنە خاكی ئەفغانستان.