پارتی لیژنه‌یه‌كی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێكھێنا

:: PM:12:19:04/08/2020 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكھێناوه‌، به‌رپرسێكی پارتیش ده‌ڵێ، دوای پشووی جه‌ژن بڕیاره‌ جارێكی تر پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنه‌وه‌.
دوای پشووی جەژن کۆبوونەوەکان دەست پێ دەکەن

ئه‌مڕۆ سێشه‌م چواری ئاب، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه‌" ئاشكرای كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنه‌یه‌كی له‌ ھه‌ریه‌كه‌ له‌ ھۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، مه‌حموود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و گوته‌بێژی پارتی، عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی پێكھێناوه‌ بۆ گفتوگۆكردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی .

سه‌رچاوه‌كه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، بڕیاره‌ دوای پشووی جه‌ژن ئه‌و لیژنه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بكات و دواتر به‌رنامه‌ی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دابنێن و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆ ببنه‌وه‌.

بڵند ئیسماعیل ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا ئه‌نجام درا، سه‌ره‌تایه‌كی باش بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و بڕیاره‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، بڕیاره‌ دوای پشووی جه‌ژنی قوربان، جارێكی تر یه‌كێتی و پارتی كۆ ببنه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوانیان بكه‌ن.

هه‌ولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


وشە - هیدایه‌ت جان