75 كۆمپانیا پێنج ملیار یۆرۆیان بۆ ئێران نەگەڕاندووەتەوە

:: PM:03:51:04/08/2020 ‌
كۆمپانیاكانی ئێران چ كۆمپانیای تایبەتی و چ  نیمچە حكوومی یان حكوومی، رۆڵیان هەبووە لە دابەزاندنی نرخی تمەن و ئەو بڕە كاڵایەی بۆ دەرەوەیان ناردووە پارەكەیان نەگەڕاندووتەوە. 75 كۆمپانیا سەرووی پێنج ملیار یۆرۆیان بۆ ناوخۆ نەگەڕاندووەتەوە.

روحوڵا ئیزەدخاە ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و كانزاكانی پەرلەمانی ئێران ئەو راستییەی بۆ میدیاكان ئاشكرا كردووە و گوتوویەتی، بە گشتی سێ هەزار و 500 كۆمپانیا رۆڵیان هەبووە لە نەگەڕاندنەوەی دراوی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات.

بانكی ناوەندیی ئێران هەڕەشەی لە كۆمپانیاكان كردووە ئەگەر پارەكە بۆ ناوخۆ نەگەڕێننەوە، ئەوا وەك قاچاخچی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و سزایان بەسەردا دەسەپێنن.

بەگوێرەی بی بی سی بانكەكە كۆی ئەو دراوەی لە دەرەوە گل دراوەتەوە و كۆمپانیاكان نەیانویستووە یان نەیانتوانیوە بیگەڕێننەوە بە 27 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

دیاردەی نەگەڕاندنەوەی دراو بۆ ناوخۆی ئێران، دوای ئەوە سەری هەڵدا كە بانكی ناوەندی ئێران نرخی دۆلاری بە چوار هەزار و 200 تمەن دەستنیشان كرد
دیاردەی نەگەڕاندنەوەی دراو بۆ ناوخۆی ئێران، دوای ئەوە سەری هەڵدا كە بانكی ناوەندی ئێران نرخی دۆلاری بە چوار هەزار و 200 تمەن دەستنیشان كرد، لە كاتێكدا نرخەكە لە ناوخۆ زۆر بەرزتر بوو و كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەكەوێت و لەسەر حیسابی ئەوان نرخی تمەن پاڵپشتی نەكرێت پارەكەیان نەگەڕاندەوە. ئێستە نرخەكەی لە سەرووی 25 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.



وشە - سلێمان تاشان