پەرلەمانی عێراق تا مانگی ئەیلوول كۆ نابێتەوە

:: PM:03:55:04/08/2020 ‌

لەوكاتەی ململانێی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە یاسای نوێی هەڵبژاردن گەرمتر دەبێت، بەتایبەتی دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران گوشار دەكەن بۆ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكان، پەرلەمانتارێك دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانی عێراق تا ئەیلوولی داهاتوو كۆ نابێتەوە.
زیاتر لە 50 پەرلەمانتار تووشی ڤایرۆسەكە بوونە
بەمدواییە كازمی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە حوزەیرانی 2021 دیاری كرد، وەك پێشتر بەڵێنی بە خۆپێشاندەران دابوو، ئەوەیش لەناو بوونی ناكۆكییەكی گەورەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتی بازنەكانی هەڵبژاردن، جیا لە بوونی كێشە لەناو دادگەی فیدراڵ كە پەسندی ئەنجامەكان دەكات و هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیش كە پێویستە بەر لە هەڵبژاردنەكە بكرێت، هەموو ئەوانە كازمی جارێكی تر هێزە سیاسییەكانی خستەوە بەرانبەر بە ویستی شەقام.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری "فەتح"، گوتی، 83 واژوو كۆ كراوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، بە مەبەستی تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەتی بازنەكانی هەڵبژاردن، جیا لە هەمواركردنی بڕگەی سێی یاسای دادگەی فیدراڵ و تەواوكردنی پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن.

لای خۆیەوە حوسێن هینداوی، راوێژكاری كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن، ئاشكرای كرد كە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنی بە سەرۆك وەزیران داوە راستەوخۆ دوای پشووی جەژن یاسای هەڵبژاردن تەواو بكەن.

لای خۆیەوە موختار مووسەوی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق پێشبینی كرد لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە، كە دەبوایە بەر لە پشووی جەژن كۆبوونەوەی ساز كردبووایە، بۆیە پێشبینی دەكەین لە سەرەتای ئەیلوول دەوامی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە.  

ئەو بڕیارەدەرەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە هێزە سیاسییەكان سەرەڕای بانگەشەكردنیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام ئامادە نین بۆ سازكردنی و روونی كردەوە كە تەواوكردنی یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە پێویستی بە دوو بۆ سێ هەفتە هەیە.

لای خۆیەوە حوسێن عقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی، پەرلەمان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دانیشتنەكانی وەستاندووە كە زیاتر لە 50 پەرلەمانتار تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، بەڵام دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكان پێویستە بۆ كۆتاهێنان بە یاسای هەڵبژاردن، كە رەنگە ئەوە پێویستی بە دانیشتنی فەرمی نەبێت و تەنیا بۆ دەنگدان پێویست بە دانیشتنی فەرمی بكات.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل