عێراق.. چەكی میلیشیاكان و پارەی حزبەكان دوو كێشەی گەورەی بەردەم هەڵبژاردن

:: PM:04:43:04/08/2020 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو  مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی لە حوزەیرانی 2021 دیاری كرد، هەردوو سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆماری و نەتەوە یەكگرتووەكان و شەقام، پێشوازیان لەو هەنگاوە كرد، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە لە سایەی ئەو دۆخەی ئێستە هەیە، زەحمەتە هەڵبژاردنێكی پاكی پێشوەختە بێتە سازكردن.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزەیرانی 2021 زۆر زەحمەتە
ئەمڕۆ سێشەم ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەت هەوڵی سازكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و دوور لە پارەی سیاسی و چەكی نایاسایی دەدات، ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن دوای تاوتوێكردنی بابەتەكە لەگەڵ دامەزراوە پێوەندیدارەكان هات، هاوكات ئەو هەنگاوە جێبەجێكردنی داواكاری و خواستی جەماوەر و ویستی مەرجەعیەتە.

زیاتر گوتی، بڕیاری دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سۆنگەی پابەندییە بە بەرنامەی حكوومەت، حكوومەتیش هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوور لە پارەی هێزە سیاسییەكان و چەكی بەرەڵایە، وەك ئاماژەیەك بۆ میلیشیاكان كە پابەندی فەرمانەكانی كازمی نابن، ئاماژەی كرد، ئەو هەنگاوەی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە كاردانەوەیەكی سیاسیانە نەبووە، بەڵكو وەڵامدانەوەی خواستی جەماوەر و ویستی مەرجەعیەتی باڵایە. 

دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی خوازیاری هەڵبژاردن نین، بەتایبەتی هێزە شیعەكان و نوێنەرانیان كە لەناو شەقامی شیعەدا تووشی كێشەی گەورەی بێزاری لایەنگرانیان هاتوونەتەوە، ئەوان رێگری لە هەنگاوەكەی كازمی دەكەن و لێرە و لەوێ كار بۆ زەحمەت پێشاندانی دۆخەكە بۆ هەڵبژاردن دەكەن.

گرنگترین دوو كێشەی بەردەم هەڵبژاردنەكە كە ساختەكاری دروست دەكەن، چەكی میلیشیاكان و پارەی هێزە سیاسییەكانە كە ئەنجامەكان یەكلایی دەكەنەوە، بۆیە كازمی لە ئێستەوە كار لەسەر ئەو دوو خاڵە دەكات، كە خاڵی بەهێزی میلیشیا و حزبە شیعە و سوننەكانە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق باسی چەند هۆكارێك دەكات كە رێگرن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئەو روونی كردەوە، خواستێكی تری شەقامی عێراق دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و دیودەرانەیە، ئەوەیش ئێستە پێنج بەربەستی لەبەردەم هەیە و پێویستە چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی هاووڵاتی دڵنیا بێت لەوەی پرۆسەكە وەك پێویست و دروست بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەگەر مەبەست هەر هەڵبژاردن بێت، دەتوانرێت دوای شەش مانگ ئەنجام بدرێت، بەڵام لەوە گرنگتر پاكی و دیودەرانەی هەڵبژاردنەكەیە. 

روونی كردەوە، هەڵبژاردنێكی پاك پێویست بە دووبارە گفتوگۆكردنە لەسەر یاسای هەڵبژاردن، كە لە بڕگەكانی تەنیا دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن ماوە، چونكە یاساكە لەلایەن هێزە سیاسییە گەورەكان بە خواستی خۆیان داڕێژراوە و خواستی شەقام جێبەجێ ناكات، جیا لەوە پێكهێنانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دادوەرەكان لەلایەن حزبەكانەوە دیاری كراون، واتە ئەوان نوێنەرایەتی بەشبەشێنەی تایفی دەكەن و جێی پەنجەیان بە نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت. 

سەبارەت بە چەكی نایاسایی و میلیشیاكانەوە كۆچەر گوتی، ئەو جۆرە چەكە كە لە ماوەی دواییدا بەهێزتر بووە، جیا لە پارەی هێزە سیاسییەكان كە لە دەوڵەتی دەدزن و دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە بۆ ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنی بەكاری بێننەوە، هەموو ئەوانە بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، هۆكارێكی تر كە رێگری لە هەڵبژاردنێكی پاك دەكات، پێوەستە بە كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدانە، كە هێزە گەورەكان دەستیان بەسەر هەزاران كارتدا گرتووە و بەو شێوەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوان مسۆگەر دەبێت، جیا لەوانە هۆكاری تری كاریگەر دەبن لە دیاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەوانە پەتای كۆرۆنا، هەروەها ململانێی ئەمەریكا و ئێران و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەمەریكا، ئەوانە بە شێوازی جیاجیا كاریگەری دەكەنە سەر هەڵبژاردنەكەوە. 

میقداد شەریفی، سەرۆكی پێشووتری فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق یەكشەمی رابردوو گوتی، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لەو وادەی كازمی دیاری كردووە، زەحمەتە، پێشبینی كرد كە دیاریكردنەكە وەك گوشارێك بێت بۆ تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن، ئاشكرای كرد، كێبەركێیەكی گەورە لە نێوان هەردوو سەرۆكایەتی وەزیران و پەرلەمان هەیە سەبارەت بە هەڵبژاردن، كاتێك كازمی لە هەڵوێستێكی نەخوازراودایە لە نێوان هێزە سیاسییەكان كە داوای هەڵبژاردن دەكەن و فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان كە یاسای هەڵبژاردن تێپەڕ ناكەن.

ئەو بەرپرسە پێشووە ئاماژەی كرد، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزەیرانی 2021 كارێكی زۆر زەحمەتە، كە كار دەكاتە سەر رێژەی دەنگدەران كە رەنگە بەشداری لە پرۆسەكە نەكەن بەهۆی گەرما و خراپی كارەبا، بۆیە پێم وایە دیاریكردنی وادەكە بۆ گوشاركردنە بۆ تێپەڕكردنی یاسایكە، نەوەك ئەنجامدانی لەو كاتە، هەرچی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشە، لە دۆخێكی سەختدایە بەهۆی تەواو نەبوونی پێویستییەكانی پرۆسەكە، بۆیە ئەوانیش زەحمەتە بتوانن لەو كاتەی دیاری كراوە، پرۆسەكە بەڕێوە ببەن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل