هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەن كە هەولێر و بەغدا دوای جەژن دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە، بەڵام ئەوان زۆر لە یەكتر نزیكن تا ئاستی واژووكردنی رێككەوتن، ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، بەمنزیكانە گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەست پێ دەكاتەوە.
جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور و یاسا بژارەی تر نییە
ئەمڕۆ سێشەم
مولا تەڵاڵ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا رای گەیاند، گفتوگۆ و پێوەندی لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان هەیە و بەمنزیكانە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان، دووپاتی كردەوە، هیچ بژارەیەكی تر نییە، جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان بە پێی دەستوور و یاسا و لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوولا.
شایەنی باسە لە 31ی تەمووز مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكبوونەوەیەكی زۆر باش هەیە و دوای جەژن شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ واژووكردنی رێككەوتن، روونی كردەوە، هیوادارین ئەوجارە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ بەغدا ساز بكرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوكێ دوور بن.
زیاتر گوتی، بێگومان وەك لە ئاماژەكان دیارن، لێكنزیكبوونەوەی زۆرباش لەلایەن هەردوولا هەیە و هەردوولا ئامادەسازی تەواویان هەیە و دەربڕیوە بۆ واژووكردنی رێككەوتنی نێوانیان، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان زۆر رژدن لە گەیشتن بەو رێككەوتنە.
سەبارەت بە كاتی جێبەجێبوونی رێككەوتنەكە لەسەر زەوی و رەوانەكردنی مووچە لە بەغداوە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، رێككەوتنەكە دوای واژووكردنی، بە زووترین كات جێبەجێ دەبێت، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر بەرگە ناگرێت، كە بەغدا خۆی بدزێتەوە، دووپاتی كردەوە، یەكێك لەو خاڵانەی ئەگەری رێككەوتن بەهێزتر دەكەن، ئێستە عێراق لە دۆخێكی وادا نییە كێشەی زیاتر بۆخۆی دروست بكات، بەتایبەتی هەرێم رۆڵی دیاری هەیە لە پاراستنی دۆسیەی ئاسایشی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدا میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، بەمنزیكانە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و باسی رادەستكردنی رێژەیەك نەوتی هەرێم و داهاتی دەروازە سنوورەكان بەرانبەر بە رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن، ئەوەیش بە ناوەندگیری ئەمەریكی و ئەوروپایی.
روونیان كردەوە، دوای جەژن شاندی هەرێم بۆ واژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی سەردانی بەغدا دەكا، ئەوان هەموو كێشەكانیان لەوبارەوە كۆتایی پێ هێناوە و رێككەوتن كراوە بەوەی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بداتە بەغدا، بەڵام لەسەر ئەو بڕە پارە رێكنەكەوتوون كە بەرانبەر بەوانە بەغدا دەیداتەت هەرێم، گفتوگۆ هەیە بەوەی 50 ملیار دیناری زیاتر بۆ مووچەی پێشمەرگە بدرێتە هەرێم، ئاشكرایان كرد كە ناوەندگیرییەكی ئەمەریكی و ئەوروپی هەبووە بۆ گەیشتن بەو رێككەونە.