پایسكلسواریی ژنان لە ئێران قەدەغە دەكرێت

:: AM:11:48:05/08/2020 ‌
ماوەیەكە ژنان و كچانی ئێرانی روویان لە پایسكلسواری كردووە  و لە شوێنە گشتییەكان ئەو دیمەنانە زۆر دەبینرێن، بۆیەش حكوومەت بڕیاری قەدەغەكردنی داوە و لە پارك و شوێنە گشتییەكان بە تابلۆ ژنان ئاگادار كراونەتەوە نابێت پایسكلسواری بكەن.

دۆخی پاریزگاكان لەگەڵ یەكتر جیاوازە و ئەوەی زیاتر دژی پایسكلسواریی ژنانە پارێزگای خوراسان و ئیسفەهانە و بەرپرسانی پارێزگاكە گوتوویانە، ئەو جلوبەرگەی ژنان لە كاتی پایسكلسواری لەبەری دەكەن، سەرنجی پیاوان بۆ لای خۆیان رادەكێشن و ئەمەش پێچەوانەی بەها ئیسلامییەكانە.

ئەم قەدەغەكردنە ناڕەزایەتیشی بەدواوە بووە و دەستەی پایسكلسواری سەبزوار كە یەكێكە لە شارەكانی پارێزگای خوراسانی رەزەوی، بە كۆ دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و گوتوویانە چیتر هاوكاری فەرمانگەی وەرزشی ناكەن.

سەرۆكی دەستەكە داوای لە ژنان كردووە لە كاتی پایسكلسواری خۆیان زۆر دەرنەخەن و جلكی رێكوپێك لەبەر بكەن بۆ ئەوەی نەبنە جێی سەرنجی میدیاكانی رۆژئاوا.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە لە ئێران هیچ یاسایەك نییە پایسكلسواریی لە ژنان قەدەغە بكات، بەڵام بەردەوام پێشنوێژخوێنی هەینی شارەكان كە نوێنەری راستەوخۆی رێبەری كۆماری ئیسلامین، خەڵك ئاگادار دەكەنەوە و بە كارێكی ناڕەوای هەژمار دەكەن.
نابێت كچان لە پێش چاوی كوڕان پایسكلسواریی بكەن

ئەحمەد علمولهودا نوێنەری خامنەیی لە مەشهەد گوتوویەتی، نابێت كچان لە پێش چاوی كوڕان پایسكلسواریی بكەن، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی لێكەوتنەوەی بەدڕەوشتی و تەواوی بەرپرسانی تەناهی شارەكەش دەبێ لەمە وریا بن و رێ لەو دیاردەیە بگرن. ئەو داوای لە شارەوانی كردووە شوێنێك دەستنیشان بكات ژنان و كچان دووور لە چاوی پیاوان پایسكل لێخوڕن.


وشە - سلێمان تاشان