بڕیاری داخستنی شوێنە گەشتیارییەكان لە ڕۆژانی هەینی دەرچوو

:: AM:08:58:06/08/2020 ‌
قایمقامیەتی شەقڵاوە ڕای دەگەیەنێت، بڕیار دراوە بە داخستنی سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكان لە ڕۆژانی پێنجشەم و هەینی، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بن.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامی شەقڵاوە هاتووە، لە سنووری شەقڵاوەدا بڕیار درا بە توندوتۆڵكردنی زیاتری چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بۆ خۆپارێزی زیاتر.

لە سەعات دووی دوای نیوەڕۆ بەتەواوی دادەخرێن تا 18ـی ئاب
لە بڕیارەكاندا باس لەوەش كراوە، رۆژانی پێنجشەم و هەینی لە سەنتەری شارۆكەی شەقڵاوە و سەنتەری شارەدێی هیران، بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەكان لە سەعات دووی دوای نیوەڕۆ بەتەواوی دادەخرێن تا 18ـی ئاب سەعات 12ـی شەو، جگە لە دەرمانخانەكان.

ڕووون كراوەتەوە، سەرجەم چایخانە و كافتریاكان بۆ ماوەی 14 رۆژ دادەخرێن و نوێژی هەینی و پرسە و بۆنە ئاینییەكان و هۆڵی وەرزشی و ئاهەنگەكان و یاریی منداڵان و پاركەكان تا 18ـی ئاب داخراو دەبن.

لە كۆتایی بڕیارەكاندا هاتووە، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و هاونیشتمانیان، تكایە پابەندی بەستنی دەمامك بن، ڕێش نەدرێت هیچ كڕیارێك سەردانی دوكان و ماركێت و شوێنە بازرگانییەكان بكات، بەپێچەوانەوە شوێنەكە دادەخرێت.

ئەو بڕیارانە لە كاتێكدایە ئێستە ژمارەی تووشبووان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕۆژانە لە زیادبووندایە.



وشە - رامیار جەواد