تەندروستی سلێمانی: هەركەسێك گەشت بكات دەبێ پارەی پشكنین بدات

:: AM:10:56:06/08/2020 ‌
گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، ئەو كەسانەی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ دەكرێت، پێویستە بڕێك پارە بدەن و گەشتیار و كرێكار نرخی پشكنینەكانیان جیاوازە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، یاد نەقشبەندی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەر كەسێك لەڕێی فڕۆكەخانەكانەوە بیانەوێ گەشت بكەن، پێویستە سەردانی سەنتەری پشكنین بكەن و نرخی پشكنین 60 هەزار دینارە دەبێت ئەنجامی بدەن.

ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دەرچووە
گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی گوتی، هەر شوفێرێكی بارهەڵگر و كرێكارێكیش لە سنوورەكان بێنە سنووری سلێمانی، پێویستە 30 هەزار دینار بدەن تا پشكنینی كۆرۆنایان بۆ بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دەرچووە، پێویستە ئەو كەسانە پشكنینیان بۆ بكرێت تا دڵنیا ببنەوە لەوەی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.

ڕوونی كردەوە، ئێستە ئەو سەنتەرە دامەزراوە و لە داهاتوو فراوانتر دەبێت تا هاووڵاتییان بتوانن پشكنین بۆ خۆیان بكەن و پلازمای خوێنیشی تێدا وەربگیرێت.

ئەو گوتانەی گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە كاتێكدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆ چەندان بڕیاری دەركردووە، یەكێك لە بڕیارەكان ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنایە بۆ سەرجەم ئەو كەسانەی دەیانەوێ بێنە هەرێمی كوردستان یان گەشت بكەن.





وشە - رامیار جەواد