زیانی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بەر كۆمپانیایەكی ئەڵمانی دەكەوێت

:: PM:03:28:06/08/2020 ‌
كۆمپانیای لۆفتهانزا كە یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری گەشتی ئاسمانیی ئەڵمانی، بڵاوی كردەوە كۆرۆنا زیانێكی زۆری پێ گەیاندووە.

وەك كۆمپانیاكە باسی كردووە، لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ كۆی زیانەكانی گەیشتوو بە كۆمپانیاكە بریتییە لە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار.

ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە فڕۆكەكانی لۆفتهانزا گەشتیان كردووە، لە سێ مانگی دووەمی ساڵی 2020 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 96% دابەزیوە.

پێشبینی دەكرێ لە ژێر كاریگەریی ئەو زیانانەی بەر كۆمپانیاكە كەوتووە، كۆمپانیاكە ناچار بێت بەشێك لە كارمەندانی بۆ ماڵەوە بەڕێ بكاتەوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە لۆفتهانزا كۆمپانیایەكی ئەڵمانییە كە لە ساڵی 1953 دامەزراوە.

كۆرۆنا زیانی بە زۆربەی كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزار گەیاندووە
كۆرۆنا زیانی بە زۆربەی كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزار گەیاندووە و هۆكارەكەش ئەو رێوشوێنانەیە كە وڵاتان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتوویانەتەبەر.

پێشبینی دەكرێ سێ مانگی سێیەمی ساڵەكە بەهۆی لابردنی بەشێك لە رێوشوێنەكان زیانی ئەو كۆمپانیایانە كەمتر ببێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان