تارق حەرب: كازمی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە

:: PM:06:46:06/08/2020 ‌

دوای ئەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دیاری كرا، ئێستە مشتومڕی ئەوە هەیە كە ئاخۆ پەرلەمان چی بەسەر دێت، كە دەبێت بەر لە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێتەوە، تارق حەرب، شارەزای دەستووری و یاسایی دووپاتی كردەوە كە كازمی ئەو دەسەڵاتەی هەیە، بەڵام دەبێت بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار بێت.
هەڵبژاردن ناكرێ تا پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە
دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ستەفا كازمی، ئەگەرچی یەكەم داواكاری خۆپێشاندەرانی جێبەجێ كرد، بەڵام رەنگە سەخت بێت بتوانرێ پابەندی بەو وادەیەوە هەبێت، چونكە هێشتا یاسای هەڵبژاردن تەواو نییە و دادگەی فیدراڵیش كێشەی تیادایە، ئەوانە و تەنگژەكانیتری لە عێراق هەن پێویست بەوە دەكات پەرلەمان تێیان پەڕێنێت، بۆیە تێكهەڵكێشییەك دروست بووە.

حەرب ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵبژاردن ناكرێ تا پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەو رۆژە رەنگە جێگیر نەبێ و پێش و پاشی هەبێت، وەك بینیمان هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوو وادەیان گۆڕاوە، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردنێك هەیە، هەرچی پەرلەمانە كە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، بە دوو رێگە هەڵدەوەشێتەوە.

زیاتر گوتی، یان سێیەكی ئەندامانی پەرلەمان پێشنیازی هەڵوەشانەوەی بكەن و دەنگ لەسەر هەڵوەشانەوەكە بدەن، یان سەرۆك وەزیران بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونكە عێراق سیستمی پەرلەمانییە و لەو جۆرە سیستمانەدا سەرۆك وەزیرانی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، لە سیستمی سەرۆكایەتی ئەوە نییە، بۆ نموونە لە ئەمەریكا كۆنگرێس بۆی نییە متمانە لە سەرۆكی وڵات وەربگرێتەوە و سەرۆكیش بۆی نییە كۆنگرێس هەڵوەشێنێتەوە.

لە سیستمی پەرلەمانی وەك عێراق، پەرلەمان بۆی هەیە متمانە لە سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە و سەرۆك وەزیرانیش بۆی هەیە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە تا پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە هەڵبژاردن نییە، سەرۆك كۆماری عێراق لەبارەی وادەی هەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆكە، بەڵام تا ئێستە رازی نییە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەوەی بۆ پەرلەمان جێهێشتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل