وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هاوخەمی بۆ ئێزیدییەكان رادەگەیەنێت

:: PM:08:35:06/08/2020 ‌

لە شەشەم ساڵوەگەڕی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هاوخەمی و هاوسۆزی بۆ ئێزیدییەكان دەربڕی.
ئەمەریكا هەوڵی زۆری بۆ یارمەتیدانی عێراقییەكان داوە
وەك لە راگەیندراوێكی بڵاوكراوە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە تویتەر لە زاری پۆمپیۆدا هاتووە، دەمەوێ هاوسۆزی و هاوخەمی خۆم لەگەڵ تایفەی ئێزیدی دەرببڕم، بە بۆنەی شەشەم ساڵوەگەڕی كۆمەڵكوژی ئەوان لەلایەن رێكخراوی داعشەوە.

زیاتر گوتی، حكوومەتی ئەمەریكا زۆر هەوڵی داوە بۆ یارمەتیدانی عێراقییەكان بۆ ئاساییكردنەوەی ژیانیان، بەڵام تا ئێستەیش ئەو پرسە كاركردنی زیاتری دەوێت. 

دوێنی ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق گوتی، لە شەشەم ساڵوەگەڕی كارساتی شنگالدا، تا ئێستە خەڵكی ئەو دەڤەرە لەناو نەهامەتیدان وەك بڵێی كارەساتەكە ئێستە رووی داوە، تا ئێستە زیاتر لە 85%یان لە كەمپەكان دەژین و زۆرینەی گوند و كۆمەڵگە و شارەكانیان وێرانەیە و هیچ بنیاتنانەوەیەكی خزمەتگوزاری تیادا نییە.

زیاتر  گوتی، تا ئێستە ئەوان قەرەبوو نەكراونەتەوە و نزیكەی سێ هەزار لە ئافرەت و گەنج و منداڵەكانیان چارەنووسیان دیار نییە، زۆرێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان تا ئێستە هەڵنەدراوەتەوە و قوربانیان تۆمار نەكراون، بۆیە پێم وایە حكوومەتی عێراق زۆر كەمترخەمە بەرانبەر بەوان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل