ڕووخاندنی په‌یكه‌ری كاوه‌ی ئاسنگه‌ر له عه‌فرین له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه توندڕۆكانی توركیاوه
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕاپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات، به‌وه‌ی ڕێی به كه‌سانه داوه كه تاوانی جه‌نگیان له سووریا ئه‌نجام داوه، به ئازادی بژین و هیچ ڕێوشوێنێكی له دژ نهگرتووتهنهته به‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پشتیوانی چالاكی ژماره‌یه‌ك له گرووپی ئیسلامی توندڕۆ ده‌كات، كه خه‌ریكی تاوان و كوشتن و بڕینن له سووریا به گشتی و له عه‌فرین به تایبه‌تی.
له ڕاپۆرتێكی چاودێری مافی مرۆڤ كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه، توركیا ناوچه‌یه‌كی زۆر فره‌وانی داوه‌ته ده‌ست گرووپه توندڕۆكان كه به‌رپرسن له ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ له سووریا و به‌شێك له تاوانه‌كانیشیان بریتییه له هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی كورد و داگیركردنی عه‌فرین و ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ له ناوچه‌كه و كوشتنی خه‌ڵك و دزین و تاڵانكردنی ماڵ و سامانیان.
له
ڕاپۆرته‌كه ئه‌و گرووپانه به ئه‌نجامده‌رانی تاوانی جه‌نگ ناویان هاتووه و به به‌رپرسیش زانراون له شه‌هیدكردنی هه‌ڤرین خه‌له‌ف و كۆمه‌ڵكوژكردن و ڕفاندنی ژنانی سووریا، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ئه‌و گرووپانه ناویان له خۆیان ناوه ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حكوومه‌تی سووریایان له مه‌نفا ڕاگه‌یاندووه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته نوێیه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدایه كه پێشتر له مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی ئه‌مساڵ له ڕاپۆرتێكی تردا هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌ت كرده‌وه كه حكوومه‌تی كاتی سووریا كه له‌لایه‌ن توركیاوه پشتیوانی ده‌كرێ، تاوانی جه‌نگی ئه‌نجام دابێ و پێشێلكاری مافی مرۆڤی كرد بێ و یاسای نێوده‌وڵه‌تی و جه‌نگی به‌زاند بێت، به‌ڵام ئێسته هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی له ڕاپۆرتی مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆ ڕه‌تی كردبووه‌وه، به‌سه‌ر حكوومه‌تی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سه‌پاندووه و به تاوانباری جه‌نگ ناوی بردوون و وه‌ك به‌شێك له گرووپه توندڕۆكان و تیرۆریستییه‌كان باسیان لێوه ده‌كات.
گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا تاڵانی و دزی ماڵی كوردیان له عه‌فرین كردووه
هاوكات له‌و ڕاپۆرته نوێیه زۆر تاوانی تر دراوه‌ته پاڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حكوومه‌ته كاتییه‌كه‌ی، به دزین و تاڵانكردنی ماڵی هاووڵاتییانی كورد و دزینی پارچه‌ی شوێنه‌واری و تێكدانی په‌رستگه‌ی ئێزدیییه‌كان و ڕفاندنی ژنان و هاووڵاتییان و ئازادكردنیان له به‌رانبه‌ر پاره‌یه‌كی زۆر، سه‌رجه‌م ئه‌و گرووپانه‌ی تۆمه‌تبار كرد.
هه‌رچه‌نده پێشتریش ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایش نیگه‌رانیان به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانانه ده‌رده‌بڕی، به‌ڵام ده‌یانخسته ئه‌ستۆی گرووپه توندڕۆكان، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حكوومه‌تی كاتی سووریا بكه‌ن، كه ئۆپۆزسیۆن له توركیا دایمه‌زراندووه و حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره به هه‌موو توانایه‌وه پشتیوانی ده‌كات.
به گوێره‌ی ئه‌و داتایانه‌ی له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، له دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه 161 ژن له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه ڕفێنراون و ته‌نیا ئه‌مساڵیش 44 ژنی تر ڕفێنراون و تا ئێسته چاره‌نووسیان نادیاره.
پرۆفیسۆر ئامی ئۆستن هۆلمز له ناوه‌ندی ویلسن له ڕاپۆرته‌كه قسه‌كانی بڵاو كراوه‌ته‌وه و ده‌ڵێ، ئێزیدییه‌كانی عه‌فرین مه‌حاڵه بتوانن په‌رستشه‌كانی خۆیان له عه‌فرین ئه‌نجام بده‌ن، له ژێر ده‌ستی ئه‌و گرووپانه‌ی كه به پشتیوانی توركیا ناوچه‌كه‌یان لێ داگیركردن و هه‌موو ماڵ و سامانی خه‌ڵكه‌كه‌یان تاڵان كرد، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌كان ڕێ به په‌رستشه‌كانی ئێزیدیییهكانی عه‌فرین ناده‌ن، ته‌واوی شوێنه پیرۆزه‌كان و پهرستگهكانیشیان ته‌قاندوونه‌ته‌وه و وێرانیان كردوون، ئه‌مانه‌یش كاره‌ساتی گه‌وره‌ن و تاوانی جه‌نگن كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانی توركیاوه ئه‌نجام دراون.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له واقیع هیچیان بۆ ناكرێ، بۆ ڕێگری له به‌رده‌وامی ئه‌و تاوانه، چونكه هیچ هێزێكیان له ناوچه‌كه بوونی نییه، به‌ڵام به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن به گوێره‌ی یاسای قه‌یسه‌ر كه بۆ پاراستنی خه‌ڵكی سڤیلی سووریا ده‌ركراوه و ده‌سه‌ڵات به حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌دات هه‌موو گرووپێكی تاونكار دژ به خه‌ڵكی سووریا سزای قورسی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، به‌م یاسایه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه توندڕۆیانه بكه‌ن و سزایان بده‌ن.
تاوانه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی توركیایش چونكه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ئه‌و گرووپه توندڕۆیانه ده‌كات
هاوكات هێما بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، كه توركیا به ته‌واوی له پشت جموجۆڵ و چالاكییه‌كانی ئه‌و گرووپانه‌وه‌یه و له ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ له باكوری سووریا تێوه‌گلاوه و تاوانی ئه‌و كرده دڕندانه‌یه‌ی له ناوچه‌كه ئه‌نجام دراون، به‌شی زۆری ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌وه.
پێگه‌ی "ناشناڵ ئنتێرست"ی ئه‌مه‌ریكی ناوه‌رۆكی ڕاپۆرته‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه پێشتریش به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نكه‌ره‌یان له ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ له‌لایه‌ن گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانیانه‌وه ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه و به‌رپرسانی توركیا به‌ڵێنیان داوه كه به ڕژدی به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و ڕێ ناده‌ن تاوانی جه‌نگ له‌و ناوچانه ئه‌نجام بدرێ، كه ئه‌وان داگیریان كردوون، به‌ڵام هه‌موو به‌ڵگه‌كان دووپات له به‌رده‌وامبوونی تاوانه‌كان به ئێسته‌وه‌یش ده‌كه‌نه‌وه كه به‌رده‌وامی هه‌یه و كۆتایی نه‌هاتووه.
هه‌رچه‌نده تا ئێسته ئه‌مه‌ریكا هیچ گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیك له توركیا نه‌خستووه‌ته لیستی سزاكانه‌وه، به‌ڵام لێكۆڵه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له داهاتوویه‌كی نزیك ده‌ست ده‌كرێ به سزادانی ئه‌و گرووپه توندڕۆیانه‌ی كه تاوانی جه‌نگی قێزه‌وه‌نیان دژ به كورد و خه‌ڵكی تر له عه‌فرین و ناوچه‌كانی تر ئه‌نجام داوه و سزای زۆر قورسیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.