هۆشداری بەوانە دەدرێت لە ماڵەوە لە ژێر چارەسەردان

:: AM:10:01:08/08/2020 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، ئەو كەسانەی لە ماڵەوە چارەسەری وەردەگرن، پێویستە بەڕاوێژكردن لەگەڵ پزیشک دەرمان وەربگرن و بۆ هەر ئەگەرێك پێوەندیی بە ژمارە 122 بكەن.

هەموو هەوڵێك دەدەین چارەسەری تووشبووان بكرێت
ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، بژار مووسا گوتەبێژی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بارودۆخی تووشبووان لە هەولێر باش نییە و پێویستیان بەوەیە لە ژێر چاودێریی پزیشك بن، هەموو تیمە پزیشكییەكان لە ئەركدان بۆ چارەسەری تووشبووان.

گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، هەركەسێك كە تووشی ئەو ڤایرۆسە بێت كاریگەرییەكەی جیاوازە، بۆیە تا ئاستێك دیوی شاراوە لە ڤایرۆسەكە هەیە و هەموو هەوڵێك دەدەین چارەسەری تووشبووان بكرێت.

ڕوونی كردەوە، بەشێك لە تووشبووان بەباشی دەزانن لە ماڵەوە بمێننەوە و چارەسەر وەربگرن كە نیشانەكانیان سووكن، بۆیە پێمان باشە ئەو كەسانە لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن، بەڵام پێوەندییان لەگەڵ پزیشكان هەبێت و لەخۆیانەوە چارەسەر وەرنەگرن، بەڵكو پێویستە بەڕاوێژكردن دەرمان وەربگرن و بۆ هەر ئەگەرێك پێوەندیی بە ژمارە 122 بكەن.

بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنوێنییە پزیشكییەكان، ڕۆژانە زیاتر لە 200 تووشبوو لە هەولێر تۆمار دەكرێن و ژمارەیەكی زۆریش لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن.



وشە - رامیار جەواد