ئێران سزاى له‌ سێداره‌دانى كوردێك جێبه‌جێ ده‌كات

:: AM:10:14:08/08/2020 ‌
دۆسیەی بەندکراويَكی سیاسی کورد بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە بەڕێکراوە، ئەگەر زۆرە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو سزایە جێبەجێ بکرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌موو هه‌شتى ئاب، ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، دۆسیەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بەڕێکراوە بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی، ئەگەریش زۆرە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو سزایە جێبەجێ بکرێت.

زیاتر هاتووه‌، تەنیا بەڵگەی سەلماندن بۆ تۆمەتی کوشتن کە دراوەتە پاڵ حەیدەر قوربانی، ددانپێدانانی ناوبراوە کە لە  ئیتلاعاتی سنەدا "لەژێر فشاردا" لێی وەرگیراوە.

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، شه‌شى ئاب، سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی 27ی دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکراوە و پارێزەرەکانی ئەو سزایەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حەیدەر قوربانی لەوبارەیەوە ڕای گەیاند، "حەیدەر قوربانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاری و ئەندامێتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەو سزایە لە 28ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە".

حەیدەر قوربانی پایزی ساڵى 2016 لەگەڵ ژن براکەی بە ناوی مەحموود سادقی، کە هەردووكیان خەڵکی گوندی "بزوەش"ی سەر بە شاری کامێرانن، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گیراون و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرن.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە شه‌شی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، لە دۆسیەیەکی تردا و لەلایەن لقی یه‌كی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە بە تۆمەتی "هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامێکی سووپای پاسداران لە کامێران" دادگایی کرابوون، بەپێی ئەو سزایە حەیدەر قوربانی حوکمی 118 ساڵ و شه‌ش مانگ زیندانى كردن و لێدانی 200 قامچی و مەحموود سادقی سزای 40 ساڵ و شه‌ش مانگ بەندکردن و لێدانی 200 قامچی بە سەردایاندا سەپێندرابوو.

شایه‌نى باسه‌ پێشتر حکوومەتی ئێران سێ ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی "پرێس تی ڤی" کە کاناڵێکە بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکات فیلمێکی تۆماری ددانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بڵاو کردەوە، کە 20 خوولەک بوو.

بەگوتەی نزیکەکانی ناوبراویش حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەدا، ناچار بەو ددانپێدانانە کراوە و ناچارکراوە کوشتنی چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران لە ئەستۆ بگرێت.


وشە - محەمەد میران