زێڕ هەفتەیەكی زێڕینی بەڕێ كرد

:: AM:10:51:08/08/2020 ‌
بەهای زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژووییدایە و لەوەتەی ئەو كانزایە هەیە، هیچ كاتێك هێندەی ئەم رۆژانە نرخەكەی بەرز نەبووە. سەرەڕای ئەوەی كە لە دواین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسە نرخی زێڕ كەمێك دابەزی، بەڵام لە كۆی هەفتەكەدا رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی هەڵكشا.

لە سەرەتای هەفتەبازاڕی بۆرسە بەهای زێڕ لە خوارووی دوو هەزار دۆلار دەفرۆشرا و بازرگانان و وەبەرهێنەران چاوەڕوان بوون بەهای زێڕ دوو هەزار دۆلار تێپەڕێنێت. لەم هەفتەیەدا زێڕ ئەو چاوەڕوانییەی بەدی هێنا و تا نیوەڕۆی دواین رۆژی هەفتەكەش هەر لە بەرزبوونەوەدا بوو.

بەگوێرەی dailyfx بەهای هەر ئۆنسێكی زێڕ تا دوو هەزار و 75 دۆلار هەڵكشا بەڵام ئێوارەی هەینی كەمێك دابەزی و دواجار نرخەكەی بە دوو هەزار و 34 دۆلار داخرا.

هەر مسقاڵێك لە زێڕی عەیار 21 بە 352 هەزار دینارە
هەر مسقاڵێك لە زێڕی عەیار 24 لە هەولێر بە 402 هەزار دینار، عەیار 21 بە 352 هەزار دینار و عەیار 18 بە 302 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

پاشەكشەی ئابووری دنیا بەهۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا، بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ هەژمار دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان