وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەرجی پێدانی كارەبا بە بەغدا ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، پێدانی کارەبا بە بەغدا كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای هەرێمی كوردستان نابێت.
ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، وەزارەتی كارەبا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، زانیاریمان پێ گەیشتووە كە حكوومەتی عێراق بەرنامەی هەیە كارەبا لە هەرێمی كوردستان و توركیا بكڕێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەك وەزارەتی كارەبا تاوتوێ كردووە و بەڵێنمان داوە، بە مەرج رێ دەدەین كارەبا بدرێتە بەغدا.
بەغداش سووتەمەنی بۆ یەكە لە كاركەوتووەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین بكات و كارەباكە لەو یەكانەوە ببات
وەزارەتی كارەبا ئاشكرای كردووە، نابێت ئەو پێدانەی كارەبا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، بەغداش سووتەمەنی بۆ یەكە لە كاركەوتووەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین بكات و كارەباكە لەو یەكانەوە ببات.
باسی لەوەش كرد، هەرچەندە ئەو یەكانەی لەكار كەوتوون هی وەبەرهێنەرانە، بەڵام هەركات حكوومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ كرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕەزامەند بوون، ئەوكات ڕێی پێ دەدرێت.
پێدانی كارەبا بە عێراق لە كاتێكدایە ماوەی دوو مانگە بەهۆی كەمی كارەبا لە عێراق، داوایەك ئاراستەی توركیا و هەرێمی كوردستان كراوە بۆ كڕینی كارەبا كە تێكڕای پێدانی كارەبای ڕۆژانە شەش بۆ 10 سەعاتە.