هەولێر و بەغدا جارێكی تر كۆ دەبنەوە

:: PM:01:39:08/08/2020 ‌
بڕیارە لەم هەفتەیە جارێكی تر كۆبوونەوەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە بچێت و مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان ڕای دەگەیەنێت، كازمی پێش چوونی بۆ ئەمەریكا، دەیەوێ كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بە میدیاكانیان ڕاگەیاندووە، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، هەروەها لێكنزیكبوونەوەی باش هەیە و تەنیا هەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن.

هەموو هەوڵێكی ئەوەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت
ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، سەرباز حەمید مامۆستای زانستە سیاسییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، مستەفا كازمی پێش چوونی بۆ ئەمەریكا دەیەوێ پاڵپشتییەكانی بەهێز بێت و هەموو هەوڵێكی ئەوەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت.

باسی لەوەش كرد، كازمی ئێستە وەك هەڵمەتێكی هەڵبژاردن پێویستی بەڕێككەوتن هەیە، ئەوەیش وادەكات خێراتر كێشەی بودجە و مووچە لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

ڕوونی كردەوە، ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا پێوەستە بە سەقامگیربوونەوەی دۆخی سیاسیی عێراق و كازمیش بە نەمانی ئەو كێشەیە، خێراتر فریای كێشەی میلیشیاكان و گرووپەكانی عێراق دەكەوێت.





وشە - رامیار جەواد