ئێران دراوێكی نوێی خستە بازاڕەوە

:: PM:02:18:08/08/2020 ‌
دوای پەسندكردنی لابردنی چوار سفر لەسەر دراوی ئێرانی، بۆ یەكەم جار بانكی ناوەندیی ئێران دراوێكی نوێی خستە بازاڕەوە كە بەهاكەی 100 هەزار تمەنە.

راستییەكەی دراوەكە یەك ملیۆن ریالی جارانە كە هێشتا شوێنەوارەكەی لەوسەر دراوە نوێیەكە ماوە و چوار سفری كۆتایی بە رەنگێكی كاڵ پێشان دراوە، دوو سفری سەرەتاش بە رەنگێكی تۆخ دەركەوتووە.

لە نووسینە لاتینییەكەدا چوار سفرەكە بە تەواوی لابراون و تەنیا 100 لەسەر دراوەكە نووسراوە و ئاماژەیە بە 100 هەزار تمەن.

عەبدولناسر هیمەتی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران گوتوویەتی، ئەو هەنگاوەیان بە هەنگاوی گواستنەوەی دراو لە جۆری كۆنەوە بۆ جۆری نوێ هەژمار دەكرێت، بۆیە چوار سفرەكەیان بە لێڵی نووسیوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوە لە داهاتوودا نامێنێت و بە یەكجاری دەسڕێتەوە.

دراوە نوێیەی بانكی ناوەندیی ئێران هاوتایە لەگەڵ چوار دۆلاری ئەمەریكا.
ساڵ و نیوێك لەمەوبەریش ئێران دراوێكی 50 هەزار تمەنی خستە بازاڕ كە چوار سفرەكە بە رەنگێكی جیاواز نووسرابوون و لە لاتینییەكەشدا بە تەواوی لابرابوون.

بەگوێرەی بی بی سی بەهاری ئەمساڵ پەرلەمانی ئێران یاسای گۆڕینی یەكەی دراوی ئێرانی لە ریالەوە بۆ تمەن گۆڕی.

تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی زۆر لاواز بووە و دۆلارێكی ئەمەریكا بە نزیكەی 25 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بەو پێیە ئەو دراوە نوێیەی بانكی ناوەندیی ئێران چاپی كردووە، هاوتایە لەگەڵ چوار دۆلاری ئەمەریكا.


وشە - سلێمان تاشان