له‌كاتێكدا پێشتریش هاووڵاتییانی لبنان به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌هۆی دۆخی ئابووری و سیاسیی وڵاته‌كه‌یان له دۆخێكی تووڕه‌بووندا ده‌ژیان، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سێشه‌می رابردوو زیاتر تووڕه‌ی كردوون، له به‌رانبه‌ردا چه‌ندان په‌رله‌مانتار ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه.
ته‌واوی په‌رله‌مانتارانیان ده‌ست له‌كار ده‌كێشنه‌وه
پێگه‌ی "
ئه‌لعه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ شه‌موو هه‌شتی ئاب بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر دۆخی ئابووری و سیاسیی لبنان خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵات تووڕه كردبوو، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سێشه‌می به‌یرووتیش زیاتر تووڕه‌ی كردوون، ئه‌مه‌ش وایكردووه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵات به‌رزتر ببێته‌وه، به‌تایبه‌تی له سه‌رووی هاوپه‌یمانیی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانتارانی.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی حزبی كه‌تائیب سامی جه‌میل رای گه‌یاندووه، ته‌واوی په‌رله‌مانتارانیان ده‌ست له‌كار ده‌كێشنه‌وه. سامی جه‌میل له‌كاتی به‌خاكسپاردنی ئه‌مینداری گشتیی حزبه‌كه‌یان نزار نجاریان كه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه گیانی له ده‌ست دابوو، رای گه‌یاند كه ده‌بێ حزبه‌كه‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لبنان زۆرترین قوربانی به خۆیان بده‌ن.
جه‌میل له وتاره‌كه‌یدا رووی له سه‌رۆك كۆماری لبنان میشال عۆن كردووه و گوتوویه‌تی، ئه‌وه‌ی رووی داوه رووداو نه‌بووه، به‌ڵكو كاره‌سات بووه، بۆیه ئێمه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وه به‌ره‌و چاكسازیی ده‌وڵه‌ت هه‌نگاو ده‌نێین.
دواتریش جه‌میل رووی له سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی وڵاته‌كه‌ی كرد و پێی گوتوون، پێویسته هه‌موو په‌رله‌مانتاره به‌شه‌ره‌فه‌كان ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه، ئیتر رێ به هاووڵاتییان بده‌ین بڕیار بده‌ن كه كێ حوكمان ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێكیان به‌سه‌ردا بێته سه‌پاندن.
ئێواره‌ی سێشه‌می رابردوو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له به‌نده‌ری به‌یرووت رووی دا و به‌هۆیه‌وه 154 كه‌س كوژران و زیاتر له پێنج هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون، له‌ناو برینداره‌كاندا زیاتر له 100 كه‌س دۆخیان زۆر خراپه. هاوكات هه‌زاران كه‌سی تریش زیانی مادیی زۆریان به‌ركه‌وتووه.