جێگری بایدن لە ئەگەری بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا دیاری دەكرێت

:: PM:03:53:08/08/2020 ‌
جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموكراتەكانی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ بە پاڵێوراوی سەرەكی دۆناڵد ترەمپ هەژمار دەكرێت و هەر لە ئێستەوە كە 100 رۆژ بۆ هەڵبژاردن ماوە، باس لە دەستنیشانكردنی جێگرەكەی دەكرێت.

لە زۆربەی راپرسییەكان جۆ بایدن لە ترەمپی بردووەتەوە و تەنانەت پێشبینی مێژووناسێكی ئەمەریكاش كە لە دەیەی هەشتاوە سەرجەم پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن راست دەرچوون لە قازانجی بایدن یەكلا بووەتەوە.

جۆ بایدن كۆمەڵێك كەسایەتی بۆ جێگرەكەی خۆی پاڵاوتووە كە لە داهاتوودا یەكێكیان بە جێگری سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا دەستنیشان دەكرێ بەو مەرجەی بایدن لە هەڵبژاردنەكە بیباتەوە.
سوزان رایس راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا یەکێکە لە پاڵێوراوەکان

بەگوێرەی شەفەقنا، 10 كەس بۆ ئەم پۆستە پاڵێوراون، یەكەم سێناتۆر كامیلا هێریس كە لە باوكێكی جامایكایی و دایكێكی هیندییە و بە دیارترین كەسایەتیی ژن لە ئەمەریكا لە دژی توندوتیژییەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە  لەدژی رەشپێستەكان هەژمار دەكرێت.

دووەم، كارێن باس نوێنەری كۆنگرێس و لە چالاكانی ژنان و رەشپێستەكان.

سێیەم، سوزان رایس راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما.

چوارەم، وال دیمینگز نوێنەری كۆنگرێس و سەرۆكی پێشووی پۆلیسی ئورلاندۆ.

پێنجەم، سیناتۆر تامی داگورس لە سەربازانی پێشووی سوپای ئەمەریكا كە لە جەنگی عێراقدا هەردوو پێی لەدەست دان.

شەشەم، كیشا لێنز باتومێز سەرۆكی شارەوانی ئەتلانتا.

حەوتەم، سیناتۆر ئێلیزابێس وارن ركابەری پێشووی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان.

هەشتەم، ئێستیسی ئابرامز، نوێنەری پێشووی جۆرجیا

نۆیەم میشێڵ لۆژان گریشام سەرۆكی ویلایەتی نیومەكسیكۆ

دەیەم گریچن وایتمێر سەرۆكی ویلایەتی میشیگان.




وشە - سلێمان تاشان