"بێ داماڵینی چەكی نایاسایی هەڵبژاردن پێشوەختە بەڕێوە ناچێت"

:: PM:05:02:08/08/2020 ‌

31ی مانگی رابردوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی لە حوزەیرانی 2021 دیاری كرد، لەناو بوونی گومانێكی زۆری بەڕێوەچوونی بەهۆی مانەوەی ئەگەری ساختەكاری لەلایەن حزب و میلیشیاكانەوە، پەرلەمانتارێكی شیعە ئاماژە دەكات كە زەحمەتە هەڵبژاردن لەو كاتە بێتە ئەنجامدان.
سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت مەرجی پاكی هەر هەڵبژاردنێكە
عەلی لامی، ئەندامی هاوپەیمانی "سائیروون"، ئەمڕۆ شەموو گوتی، زۆر زەحمەتە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەی بۆی دیاری كراوە بێتە سازكردن، چونكە چەندان رێوشوێنی پێویست هەن پێویستە بەر لە هەڵبژاردنەكە تەواو بكرێن، لەوانەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و داماڵینی چەكی نایاسایی و بەڕەڵا.

زیاتر گوتی، چەند پارێزگایەكی عێراق هەن دەوڵەت و یاسایان تیادا نییە و چەك تیایاندا زاڵە، بۆیە ناكرێت هەڵبژاردنیان تیادا بكرێت بێ سەپاندنی یاسا بۆ مسۆگەركردنی هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە، هەروەها ناكرێ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەر لە بوونی دادگەی فیدراڵ بكرێت، كە دادگەكە بەهۆی ناتەواوی نیساب پەكی كەوتووە و پێویست بە هەمواركردنەوەی یاساكەی لە پەرلەمان دەكات، ئەوەیش كاتی كاتی زۆری پێویستە بەهۆی قووڵی ناكۆكییەكان لەسەر یاساكە.

لامی دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەو وادەیەی لەلایەن حكوومەت دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، تا كاتی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە گرنگانە دوا دەخرێت، بێ ئەوە هەڵبژاردن ناكرێت.

شایەنی باسە دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری كرد كە یەكەم داوای خۆپێشاندەرانە، شارەزایان پێیان وایە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بێ وەرگرتنی چەند هەنگاوێك زەحمەتە، لەوانە تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاسای دادگەی فیدراڵ و چارەسەركردنی چەكی میلیشیاكان و پارەی سیاسی بۆ كڕینی دەنگ، بێ ئەوانە زەحمەتە هەڵبژاردنێكی پاك بەڕێوە بچێت، ئەوە جیا لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان كە مەرجی بەڕێوەچوونی هەر هەڵبژاردنێكە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل