دۆخی بەیرووت ئاڵۆز دەبێ و ئاماژە بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەكرێت

:: PM:09:24:08/08/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو ناڕەزایەتی جەماوەری لە بەیرووتی پایەتەختی لبنان رووی لە هەڵكشان كرد، كاتێك هەزاران خۆپێشاندەر روویان لە كۆمەڵگەی حكوومەت و پەرلەمان كرد و داوای دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیان كرد، لەو ناوەدا سەرۆكی حكوومەتی لبنان ئاماژەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد.
ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 238 كەس
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی لبنان زیادبوونی ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكەی سێشەمی رابردووی بەندەری بەیرووتی بۆ 157 كوژراو و زیاتر لە شەش هەزار بریندار و مانەوەی 21 كەس بە نادیاری راگەیاند، ئەوە لەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان لە رووداوەكە نزیكە لە تەواوبوون.  

تەقینەوەكە هاوكات بوو لەگەڵ دۆخی خراپی لبنانییەكان، كە بە دەست خراپیی خزكەتگوزاری و بێكارییەوە دەناڵێنن، ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی بەیرووت هەزاران خۆپێشاندەر هەڵیان كوتایە سەر تەلاری حكوومەت و داوای دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانیان كرد، ئەوان چوونە ناو تەلاری وەزارەتەكانی دەرەوە و ئابووری و ژینگە و دروشمی دژ بە بەرپرسانیان بەرز كردەوە و وبَنەی میشال عەونی سەرۆكی لبنانیان تێك شكاند.

هەروەها خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر بارەگای كۆمەڵەی بانكەكان لە بەیرووت و ئاگریان لە نهۆمی یەكەم بەردا، بەر لەوەی سوپای لبنان رووبەڕوویان بێتەوە، خاچی سووری لبنانیش ئاماژەی كرد كە ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 238 كەس كە 63یان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

لەو ناوەدا حەسان دیاب، سەرۆك وەزیرانی لبنان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی لبنان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی ئێستە، كە دوای تەقینەوەكەی بەیرووت بە یەكجاری قڵێشاوە، ئەوەیش بە مەبەستی هاتنی چینێكی نوێی سیاسی و پێكهێنانی پەرلەمانێكی نوێ.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل