بەڕێوەبەرێكی گشتی سلێمانی بەهۆی دزینی سێ‌ ملیار دینار سزا درا

:: PM:12:04:09/08/2020 ‌
دادگای سلێمانی دوای لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕی سێ‌ ملیار دینار، بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەرێكی گشتی و بەڕێوەبەری ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەكی سلێمانی دەركرد.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئاب، دوای سێ ساڵ لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی سێ ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی سلێمانی، دادگای سلێمانی بڕیاری دا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەكە و بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بسەپێنێ.

ناچاریش كراون ئەو پارەیە بگەڕێننەوە
ئەو كەسانەی بەهۆی دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە گیراون، بریتین لە شەش كەس.

دادگا بڕیاری دا بە ئازادكردنی چوار فەرمانبەر بەهۆی ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساغ نەبووەوە، بەڵام هەریەك لە بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەكە و بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاری، بە شەش ساڵ زیندانی سزا دران، ناچاریش كراون ئەو پارەیە بگەڕێننەوە.

ئەو كەیسە لە كاتێكدایە ئێستە چەندان كەیسی تر لە دادگاكان چاوەڕوانی یەكلاكردنەوە دەكەن.



وشە - رامیار جەواد