وەزارەتی تەندروستی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكانی بۆ كۆرۆنا دیاری كرد

:: PM:01:21:09/08/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، وەرگرتنی نرخی زۆر لە نەخۆشخانە تایبەتەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە قبووڵكراو نییە و نرخی نوێ‌ دیاری دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئاب، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەرگرتنی نرخی زۆر لە نەخۆشخانە تایبەتەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە قبووڵكراو نییە لە دوو ڕۆژی داهاتوو نرخەكان دیاری دەكرێن.

لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی بن و دەبێت خزمەتگوزارییەكان دیاریكراو بێت
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، دەبێت سەرجەم نەخۆشخانەكان لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی بن و دەبێت خزمەتگوزارییەكان دیاریكراو بێت، سەرجەم مەرجەكان جێبەجێ بكەن و نرخ لەگەڵ خزمەتگوزارییەكان گونجاو بێت.

ڕوونی كردەوە، ئێمە پێمان قبووڵكراو نییە بۆ یەك شەو نرخی هەزار دۆلار لە نەخۆش وەربگیرێت، لیژنەیەكی تایبەت كۆبوونەوەی كردووە كە نوێنەری نەخۆشخانەكانیش ئامادە بوونە، پێویستە هەموو مەرجەكان جێبەجێ بكەن.

"بوونی ڕێنوێنییەكان و سەرجەم پێداویستییەكان و چاودێری چڕ و بوونی هاوەڵ بۆ نەخۆش و مەرجەكان دەبێ وەك یەك جێبەجێ‌ بكرێت، هەروەها هاوشێوەی نەخۆشخانە حكوومییەكان، دەبێ نەخۆشخانە تایبەتەكانیش ئامێری ئۆكسجین و سەرجەم پێداویستییەكانی هەبێت". گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وای گوت.




وشە - رامیار جەواد