بۆ یەكەم جار لە كوردستان جۆرێك دانەوێڵە بەرهەم دەهێنرێت

:: PM:02:20:09/08/2020 ‌
جۆرێكی نوێی دانەوێڵە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت كە بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر بەسوودە، بەرهەمهێنانیشی پێویستی بە ئاوی كەمتر هەیە.

ژمارەی ئەو دانەوێڵانەی لە دنیادا دەچێنرێن زۆرن، لە كوردستان ئەوەی زیاتر پێی ئاشناین گەنم و جۆ و دەیان دانەوێڵەی ترە كە لەسەر خوانەكانمان دەبینرێن، بەڵام هەندێك دانەوێڵەی تر هەن هیچ كات گوێمان لە ناوەكەیان نەبووە.

 ناوی ئەم دانەوێڵە نوێیە كینوایە و بە هۆی ئەوەی بەهایەكی دەوڵەمەندی خۆراكیی هەیە، بە خاویاری رووەكیش ناوی دەهێنرێت، دانەوێڵەكە دەوڵەمەندە بە پرۆتین، فایبەر، مەنیەزیۆم و مەنگەنیز.

هەزاران ساڵە ئەو جۆرە دانەوێڵەیە هەیە و لە ئەمەریكای باشوور چێنراوە، بۆ یەكەم جاریش لە پۆلدەشتی ورمێ چێنرا و 40 دۆنم زەوی كراوەتە كینوا و پێشبینی دەكرێت 10 تۆن بەرهەمی هەبێت.

بەگوێرەی ئیرنا، پەرویز سەلیم زادە یاریدەدەری تەكنیكی كشتوكاڵی پۆلدەشت  باسی لەوە كردووە، ساڵی داهاتوو رووبەری چێنراو بەو دانەوێڵەیە بۆ پێنج هێندە بەرز بكرێتەوە، چونكە پێویستی بە ئاودانێكی كەمتر هەیە.
كینوا لە دووەم مانگی بەهار دەچێنرێت

دانەوێڵەی كینوا لە دووەم مانگی بەهار دەچێنرێت و لە دووەم مانگی هاوینیش دەدروێتەوە. 

دەگوترێ ئەو دانەوێڵەیە دەتوانێ جێگرەوەی برنج بێت و خواردنیشی بۆ ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە زۆر بەسوودە. هاوكات پارێزگاری لە دڵ دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە گەنجی بمێنێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان