كاتی كەمبوونەوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەولێر ئاشكرا كرا

:: AM:11:16:10/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت تا سەرەتای مانگی ئەیلوول ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوە بێت و ئێستە ژمارەیەكی زۆر تەندروستییان ناجێگیرە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ـی ئاب، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕای گەیاند، ئێستە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستەیش روو لە هەڵكشانە، بەتایبەت ئەو ژمارە گرنگە كە روو لە نەخۆشخانەكانن و بارودۆخیان خراپە.

زیاتر پێویستیان بە ئۆكسجین و چارەسەر و چاودێری چڕە
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی، ئەو شوێنانەی كە بۆ چارەسەری بەكار دێن، بریتین لە نەخۆشخانەی رزگاری و ئیماراتی و رۆژئاوا و هەولێری فێركاری، چونكە ژمارەكان زۆر زیادی كردووە، ئەوانەی لەو نەخۆشخانانە خەوێنراون، زیاتر پێویستیان بە ئۆكسجین و چارەسەر و چاودێری چڕە.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بۆ ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش كردووە، ئەوانەی كە لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن، راوێژ بە پزیشكان ناكەن، هەن لەخۆیانەوە چارەسەر وەردەگرن كە لای ئێمە ناچنە ناو ئامارەكان و ژمارەی تووشبووان كە رۆژانە رادەگەیەنرێت.

ڕوونی كردووەتەوە، گرنگترین شت لەم قۆناغە پابەندی رێنوێنییەكان بین، چونكە ئێستە ترسی ئەوەمان هەیە كە لە داهاتوودا نەتوانین شوێن بۆ نەخۆش دابین بكەین، بەتایبەت ئەوانەی كە چاودێری چڕیان پێویستە، زۆر بە ئەستەم دەتوانین شوێنیان بۆ دەستەبەر بكەین، كاتێك لە چوار شوێن چاودێری چڕمان كردووەتەوە هەر پێڕاناگەین.

"ئێمە چاوەڕێمان دەكرد لە 15ـی ئاب ئەم شەپۆلە كۆتایی پێ بێت، بەڵام پێشبینی ئێمە وایە تا سەرەتای مانگی ئەیلوول ژمارەی تووشبووان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت". بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر وای گوت.



وشە - رامیار جەواد