متمانە بە پێكوتەكەی رووسیا ناكرێت

:: AM:11:43:12/08/2020 ‌
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان لە هەنگاوەكەی رووسیا بۆ راگەیاندنی سەركەوتوویی پێكوتەی كۆرۆنا هەیە و دەڵێن رووسیا لە رابردووشدا هەنگاوی هاوشێوەی هاویشتووە.

دوێنێ سێشەم ڤلادمێر پوتین بە فەرمی بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا و سەركەوتوویی ئەو پێكوتەیە لە دژی كۆرۆنای را گەیاند و گوتی، لەسەر كچەكەی خۆی تاقی كراوەتەوە و كاریگەرییەكانی ئەرێنی بوون.

رووسیا باسی لەوە كردووە لە چەند مانگی داهاتوودا وڵاتان ئەو پێكوتەیان بەدەست دەگات و تەنانەت ئاماژە بەوە كرا لە 20 وڵاتی ترەوە پێشنیاری كڕینی پێكوتەكە بە رووسیا دراوە.
هێشتا تاقیكردنەوەی قۆناغی سێیەمی پێكوتەكە ئەنجام نەدراوە.

راگەیاندنی سەركەوتنی بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا لە رووسیا لە كاتێكدایە هێشتا تاقیكردنەوەی قۆناغی سێیەمی پێكوتەكە ئەنجام نەدراوە.

پیتەر پیتس بەرپرسێكی پێشووی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا گوتوویەتی، گومانی لە كاریگەرییەكانی پێكوتەكەی رووسیا هەیە و هیچ زانیارییەك لەبارەی وردەكارییەكان و دەرەنجامەكانی پێكوتەكە ئاشكرا نەكراوە، لە رابردووشدا رووسەكان بە بێ تاقیكردنەوە پێكوتە و دەرمانی تریشیان بەرهەم هێناوە.

هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانیش بێ ئاگایی خۆی لە هەنگاوەكانی رووسیا راگەیاند و گوتی، هیچ زانیارییەكی فەرمییان پێ نەدراوە و پەسندكردنی بەرهەمهێنانی هەر پێكوتەیەكیش پێویستی بە رێوشوێنی توند هەیە و لە خۆوە هیچ دەرمانێك پەسند ناكەن.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، رێكخراوەكە داوای لە رووسیا كرد بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتە رەچاوی بنەما زانستی و تەندروستییەكان بكات.
هیچ پێویستییەكمان بە پێكوتەی رووسیا نییە

وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیاش رای گەیاند، هیچ پێویستییەكیان بە پێكوتەی رووسیا نییە و بە گومانەوە باسی لە پێكوتەكە كرد و لە یەكێتی ئەوروپا پێداگری لەوە دەكرێ پێكوتە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ نەبێت.

بە گشتی لە دنیادا 176 پڕۆژەی توێژینەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا دەستیان پێ كردووە كە 28 لەوانە لە تاقیكردنەوەدان.

تاقیكردنەوەی پێكوتەكەش پێویستی بە سێ قۆناغی جیاواز و كاتێكی درێژ هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی پەسند بكرێت و پێشبینی دەكرێ لە كۆتایی ساڵەوە، هەندێك وڵات بتوانن پێكوتەكە بەرهەم بهێنن.



وشە - سلێمان تاشان