شاگوڵ حه‌سه‌ن ژنه په‌رستارێكی شاری هه‌ولێره، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زۆربوونی ژماره‌ی تووشبووان له هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری داوه خۆبه‌خشانه چاودێریی ئه‌و نه‌خۆشانه بكات كه تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون.
له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان له هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی زۆری هاووڵاتییان به‌هۆی نه‌مانی جێ و پڕبوونی نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت كراون به تووشبووانی ڤایرۆسه‌كه، له ماڵه‌وه خۆیان كه‌ره‌نتین كردووه، به‌ڵام ئه‌مه تووشی دڵه‌ڕاوكێی كردوون، چونكه هیچ كه‌سێكیان نییه بتوانێ چاودێرییان بكات و له ڕێنوێنییه پزیشكییه‌كان بزانێت و له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستییان ئاگاداریان بكاته‌وه.
له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا هه‌شت نه‌خۆشمان بینیوه و شه‌شیان باری داراییان خراپ بوو
شاگوڵ حه‌سه‌ن ژنه په‌رستارێكی ده‌رچووی به‌شی په‌رستارییه، دوای تووشبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی به كۆرۆنا، بۆی ده‌ركه‌وت نه‌خۆشخانه‌كان پڕن و ئاسان نییه پزیشكان و كه‌رتی ته‌ندروستی فریای هه‌موویان بكه‌ون، بۆیه خۆی ده‌ستی به چاودێریكردن و به‌ستنی ئۆكسجین و سه‌رجه‌م ڕێكاره پێویسته‌كان بۆ مێرده‌كه‌ی كرد، له‌مه‌وه زانیاریی زیاتری له‌باره‌ی چۆنێتی چاودێریكردنی نه‌خۆش وه‌رگرت و بڕیاری دا له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.
له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فهیسبووكهوه، شاگوڵ له‌گه‌ڵ شاخه‌وانی مێردی بڕیاریان دا ده‌ستم كاره بكه‌ن و به خۆبه‌خش بڕۆن چاودێریی نه‌خۆش و تووشبووانی كۆرۆنا بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له پۆستێكدا شاخه‌وان عومه‌ر عه‌زیز ڕای گه‌یاند، له‌مڕۆوه من و هاوسه‌ره‌كه‌م به خۆبه‌خش چاودێریی تووشبووانی ناوه‌وه و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ده‌كه‌ین، خێزانم چاودێریكردن و به‌خشینی ڕێنوێنیی پزیشكی و كاره سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ نه‌خۆش ده‌كات و منیش ئه‌ركی گه‌یاندنی بۆ ماڵی نه‌خۆشه‌كانم له ئه‌ستۆ ده‌بێت.
له‌باره‌ی ئه‌و كاره خۆبهخشییهیان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 12ی ئاب، شاخه‌وان عومه‌ر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پۆسته‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، واته له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا هه‌شت نه‌خۆشمان بینیوه و شه‌شیان باری داراییان خراپ بوو، ئه‌مڕۆش ناوی 10 كه‌سمان نووسیوه و ده‌چین سه‌ردانیان ده‌كه‌ین و به‌وپه‌ڕی تواناوه چاودێرییان ده‌كه‌ین.
سه‌ره‌تای ده‌ستكردنیان به‌م كاره، شاخه‌وان و شاگوڵ ته‌واوی خه‌رجییه‌كانیان له‌سه‌ر خۆیان بوو، به‌ڵام ئێسته چه‌ند كه‌سێك هاوكارییان ده‌كه‌ن و ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكیان ده‌ده‌نێ. به گوته‌ی شاخه‌وان، تا ئێسته چه‌ندان ده‌رمان و پێداویستییان بۆ كڕیوین و دوێنێش 20 بوتڵ ئاو و پاراستۆڵیان بۆ هێناوین.
شاخه‌وان وه‌ك له پێشتر باسمان كرد، تووشی كۆرۆنا بووه و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا واده‌ی به‌خشینی پلازمای خوێنه‌كه‌ی دێت، بۆیه گوتی: پلانم هه‌یه پلازماكهشم به كه‌سێك ببه‌خشم كه توانای دارایی باش نه‌بێت و كه كاتی هات ڕای ده‌گه‌یه‌نم، جۆری خوێنه‌كه‌شم A+ واته ئه‌ی زائیده.
ئه‌م خێزانه خۆبه‌خشه جگه له‌و كاره‌ی ده‌ستیان پێی كردووه، ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندووه كه ئاماده‌ن كاری گه‌یاندن بۆ هه‌ر پزیشك و په‌رستارێك بكه‌ن كه ده‌یه‌وێ هه‌مان كاری شاگوڵ بكات و كه‌سێكی نییه هاتوچۆی پێ بكات، وه‌ك شاخه‌وان ده‌ڵێت: هه‌ر پزیشك یان په‌رستارێك بیه‌وێت به خۆبه‌خش چاودێریی نه‌خۆش و تووشبووانی كۆرۆنا بكات، من ئاماده‌م له هه‌ر كاتێكدا ئه‌و بیه‌وێ هاتوچۆی پێ بكه‌م و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم كاری گه‌یاندنه‌كه ده‌كه‌م.
"وشه" دوێنێ سێشه‌م 11ی ئاب له هه‌واڵێكدا باسی له هه‌ڵوێستی دكتۆره سروه خالید ڕاوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی ژنان و منداڵبوون له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه ته‌ندروستییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌ویش ڕای گه‌یاندبوو كه بۆ ماوه‌ی مانگێك وه‌ك یارمه‌تییه‌ك بۆ هه‌ژاران نۆرینگه‌كه‌ی ده‌كاته خۆڕایی.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه،، ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته 18 هه‌زار و 766 كه‌س، هه‌روه‌ها ژماره‌ی چاكبووانیش 10 هه‌زار و 644 كه‌سن، له كۆی گشتیی تووشبووانیش 686 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه.