ئێران دەڵێ دوای 81 ساڵ توانی رێڕەوی سیروان بگۆڕێت

:: PM:02:39:13/08/2020 ‌
رووباری سیروان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەست پێ دەكات و دەڕژێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێران بە پڕۆژەیەك رێڕەوی رووبارەكەی گۆڕیوە و دەڵێ 81 ساڵ لەمەوبەر ئەو پلانە دانرابوو، بەڵام دواجار توانیویەتی بەدی بهێنێت.
 
ئێران دەڵێ لە ساڵی 1939وە پلانەكەی داڕێژراوە، بەڵام لە سەردەمی حكوومەتی حەسەن رۆحانی جێبەجێ كراوە و بەگوێرەی ئیرنا، هەشت ملیار دۆلار لە سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانیی بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە و ئامانجیش لێی ئەوەیە سەرجەم ئەو ئاوانە كۆنترۆڵ بكرێن لە ئێرانەوە بەرەو هەرێمی كوردستان دەڕۆن.

پڕۆژەكە بە تونێلێك ئاوی رووباری سیروان لە پارێزگای سنەوە بۆ پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام دەگوازێتەوە. تونێلەكە بە ناوچەی ئەزگەلە و نەوسووددا تێدەپەڕێت و تا دەگاتە مێهران زەوییە كشتوكاڵییەكان بەراو دەكات.
900 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام دەگوازرێتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، بە تەواوكردنی پڕۆژەكە 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام دەگوازرێتەوە كە 200 هەزار دۆنم زەوی بۆ بەراو دەگۆڕێت، 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ كەرتی پیشەسازی سووودی لێ وەردەگیرێت.

رەزا ئەردەكانیان وەزیری وزەی ئێران باسی لەوە كردووە، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەكە تا كۆتایی ئەم كابینەیە، 140 هەزار دۆنم لە زەوییەكان بەراو دەكرێن و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان چەندان هێندە زیاد دەبن.

پێویستە بگوترێ هەموو ئەو ئاوەی لە سیروانەوە جیا كراوەتەوە و بۆ شوێنی تر دەڕوات، دەڕژایە هەرێمی كوردستان كە ئێستە كەمی كردووە.


وشە - سلێمان تاشان