ئەو ژنەی گوتی لەبرسان هاتوومەتە سەر شەقام مووچەیەکی خەیاڵی هەیە

:: PM:02:56:13/08/2020 ‌
عمیدی مافپەروەر محه‌مه‌د سه‌عید محه‌مه‌د ساڵح له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك نوسیوویه‌تى، "ئەم ژنەی گوتی لە برسان ھاتوومەتە سەرشەقام مانگانە یەك ملیۆن و 115 ھەزار دینار وەردەگرێت.

مووچەی مانگانەی ملیۆنێك و 115 هەزار دینارە
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 13ى ئاب، عمیدی مافپەروەر محه‌مه‌د سه‌عید محه‌مه‌د ساڵح بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی ئەم ژنە كە دوێنێ لەناو خۆپیشاندەران گوتی "لە برسان ھاتوومەتە سەرشەقام"، ئاشكرای دەكات، مووچەی مانگانەی یەك ملیۆن و 115 ھەزار دینارە و ھەموو مانگێك بێ لێبڕین و دواكەوتن وەریگرتووە، چونكە مووچەكەی لەسەر حكوومەتی ناوەندە".

زیاتر روونی دەکاتەوە، کارمەندمان بەناوی گوڵاڵە محمد حسین کە پلەی کارگوزارە، مووچەی مانگانەی ملیۆنێك و 115 هەزار دینارە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەبێ پاشەکەوت و لێبڕین، لەبەر ئەوەی بەڕیوبەرایەتیمان سەر بە داودەزگای فیدڕاڵی عێراقە.

"بە رەچاوکردنی باری تەندروستی کارمەندان هەفتەی دوو ڕۆژ دەوام دەکات، بەبێ گوێدانە بەرپرسیارێتی بەشداری خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی چوارشەم  12ى ئابى ڕابردووى کردووە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی و هەندێک قسە و ڕادەربڕینی کردووە بۆ ڕاگەیاندنەکان کە دوورە لە ڕاستیەوە و ئەوە بۆچوونی کەسێتی خۆیەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئاگادار نییە لەو هەڵسوکەوتەی کردوویەتی.

 قۆستنەوەی شەقام بۆ وەدەستهێنانی پلە و پایە لەكاتێكدایە ماوەی شەش ساڵە حكوومەتی ناوەند مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، هاوكات كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بە هەنگاوی چاكسازی و ئەنجامدانی گفتوگۆ بێ سازشكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ حكوومەتی ناوەند رێك بكەوێ لە پێناو ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستاندا.


وشە - محەمەد میران