گه‌ڕه‌كى تاڤگه له سلێمانى، یه‌كێكه له‌و گه‌ڕه‌كه بێ خزمه‌تگوزارییه‌کان هه‌رچه‌نده له ماوه‌ى ساڵانى 2005 و 2006 زه‌ویی گه‌ڕه‌كه‌كه له لایه‌ن شاره‌وانى سلێمانییه‌وه دابه‌شكراوه و لە ساڵی 2010ەوە خانوی تێدا دروست کراوە، به‌ڵام هیچ خزمه‌تگوزارییەکی نییه و بێ ئاوه‌ڕۆیه و ئاوه‌ڕۆى ماڵه‌كان له شوێنى نیشته‌جێبوون و له ناو گه‌ڕه‌ك كۆبووه‌ته‌وه و هاووڵاتییانى هه‌راسان كردووه.
10 ساڵه به رێگه‌پێدانى شاره‌وانى خانووى تێدا دروست کراوە
ئه‌مڕۆ پێنجشەم 13ى ئاب، هۆشیار ئیسماعیل ئه‌ندامى لیژنه‌ى پرۆژه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به "وشه"ى راگه‌یاند، گه‌ڕه‌كی تاڤگە خزمه‌تگوزارى نییه و تا ئێستا ئاوه‌ڕۆى بۆ نه‌كراوه، ئاوه‌ڕۆى ماڵه‌كان هه‌ر له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كان كۆبووه‌ته‌وه و بۆن و پیسایی ئاوه‌ڕۆكه هاووڵاتییانى هه‌راسانكردووه، له كاتێكدا ماوه‌ى 10 ساڵه به یاسایی و به رێگه‌پێدانى شاره‌وانى خانووى تێدا كراوه‌ته‌وه.
روونی دەکاتەوە، سه‌ره‌ڕاى نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری ئاوه‌ڕۆ، خزمه‌تگوزارییه‌كانى تریشیان خراپه و شه‌قام و رێگاوبانیان قیر نییه و خۆڵه، هه‌روه‌ها به تانكه‌ر ئاوى خواردنه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕوات، هاووڵاتییانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه زۆر بێزارن له نه‌بوونى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه.
گه‌ڕه‌كى تاڤگه زیاتر له دوو هه‌زار پارچە زه‌وى له‌خۆ دەگرێت کە له لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه دابەش کراوە، به‌ڵام هه‌مووى نه‌كراوه به خانوو و ئێستا زیاتر500 500 ماڵى تێدایه و یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه نوێ و گه‌وره‌كانى سلێمانى.
نزار جه‌لال، به‌رپرسى به‌شى خزمه‌تگوزارى له سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى به "وشه"ى راگه‌یاند، له رابردوو ده‌رخسته كرا بۆ ئاوه‌ڕۆى گه‌ڕه‌كى تاڤگه، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كردنه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێستا بودجه ته‌رخان ناكرێت بۆ پرۆژه‌كان، له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێ پێمان گوترا ده‌ست به پرۆژه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام دواتر كه دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه‌ى لێهات پرۆژه‌كان وه‌ستان.
عوسمان عه‌بدوڵا، ماوه‌ى حه‌وت ساڵه له‌و گه‌ڕه‌كه‌یه و ده‌ڵێت، ئه‌وكاته‌ى له‌و گه‌ڕه‌كه خانوومان كرده‌وه، چه‌ند ماڵێكى لێ‌بوو، له‌وكاته‌وه تا ئێستا چاوه‌ڕێى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییانه‌ین وه‌ك هه‌ر گه‌ڕِه‌كێكى تر، لایه‌نى كه‌م ئه‌و ئاوه‌ڕۆیه كه گرنگه و ئێستا له شوێنێك كۆده‌بێته‌وه چاک بکرێت.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى