تووشبووانی ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد

:: PM:02:03:14/08/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق له‌ نوێترین ئاماریدا ئاشكراى ده‌كات، لە ماوەی 24 سه‌عاتی ڕابردوودا چوار هه‌زار و 13 كەسی تر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى ئاب، لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕای گەیاند، لە دوێنێوە 20.446 پشكنینی ڤایرۆسى كۆرۆنا ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیەیش چوار هه‌زار و 13 كەسی تر تووشی ڤایرۆسەكە بوونه‌ كە 411 یان لە هەولێر، 173 لە سلێمانی، 83 یان لە دهۆك، 235 كەسیشیان لە كەركووك تۆمار كراون.

ئاماژە دراوە، لە 24 سه‌عاتی ڕابردوودا دوو هه‌زار و 921 تووشبووی ڤایرۆسى كۆرۆنا چاكبوونەتەوە كە 42 هاووڵاتییان خەڵكی سلێمانین، 122 كەسیان خەڵكی هەولێرن، 93 كەسیان لە كەركووكن و 43 كەسی تریشیان خەڵكی دهۆكن.
 
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كردووە، 68 هاووڵاتیی تووشبووی تر گیانیان لە دەست داوە كە 13 كەسیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

كۆی گشتی تووشبووانی ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراق، ئێسته‌ 168 هەزار و 290 كەس تووشی كۆرۆنا بوونه‌، لەو ژمارەیەیش 120 هەزار و 129 كەس چاكبوونەتەوە و پێنج هه‌زار و 709 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.


وشە - محەمەد میران