ئەمەریكا بە بەهای 62 ملیار دۆلار فڕۆكەی F16 دەفرۆشێت

:: AM:11:20:15/08/2020 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كە بە پێنتاگۆن ناسراوە، فرۆشتنی 90 فڕۆكەی جەنگیی جۆری F16 بە بەهای 62 ملیار دۆلاری پەسند كرد.

دەگوترێ 66 لەو فڕۆكانە بە تایوان دەفرۆشرێن كە ئەم رۆژانە لەگەڵ چین كێشەكانیان قووڵتر بووەتەوە و چین بە بەشێك لە خاكی خۆی هەژماری دەكات.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا باسی لەوە كردبوو یەكەم وڵات كە فڕۆكەكەی رادەست دەكرێت، مەغریبە لە كیشوەری ئەفریقا.

فرۆشتنی فڕۆكەكە بە تایوان لە ساڵی 1992 پەسند كرابوو
 تەنیا ناوی ئەم دوو وڵاتە هێنراوە كە فڕۆكەی F16یان پێ دەفرۆشرێت. پرسی فرۆشتنی فڕۆكەكە بە تایوان لە ساڵی 1992 پەسند كرابوو، بەڵام لەو كاتەوە بە هۆكاری جیاواز دواكەوتبوو.

بەگوێرەی سپوتنیك، بۆ یەكەم جارە فڕۆكەی جۆری F16 رەوانەی تایوان بكرێت. كۆمپانیای سەربازیی لاكهید جگە لەو فڕۆكانە، بەتەمایە 400 ئۆتۆمبێلی سەربازیش لە دەرەوەی وڵات بفرۆشێت.

لە كۆی فرۆشتنی ئەو فڕۆكانە 62 ملیار دۆلار دەچێتە گیرفانی ئەمەریكییەكانەوە. هێشتا چین لەبارەی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا هەڵویستی نەبووە.



وشە - سلێمان تاشان