بۆ ساڵی 2024 هەناردەی ئێران بۆ عێراق دەگەیەنرێتە 20 ملیار دۆلار

:: PM:04:44:15/08/2020 ‌
ساڵی رابردوو قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بریتی بووە لە  12 ملیار دۆلار، بەڵام ئەو وڵاتە پێشبینی دەكات تا چوار ساڵی تر بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكرێتەوە.

بەگوێرەی ئیلنا، یەحیا ئال ئیسحاق باسی لە كۆی قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق كردووە و پێی وایە، ئەم قەبارەیە ساڵ لەگەڵ ساڵ زیاد دەكات و بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە تا ساڵی 2024 قەبارەكە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە بازرگانییەی ئێران، پۆڵا، خۆراك، پێداویستی بیناسازی، دەرمان، پێداویستی پیشەسازی، پێداویستییەكانی ناو ماڵ لەگەڵ گاز و كارەبا ئەو بەرهەمانەن هەناردەی عێراق دەكرێن.
یەكێك لە كێشەكانی ئێران لە هەناردەی بازرگانی ئەوەیە پارەكە بە ئاسانی بۆ ئێران ناگەڕێتەوە

پێویستە بگوترێت یەكێك لە كێشەكانی ئێران لە هەناردەی بازرگانی ئەوەیە پارەكە بە ئاسانی بۆ ئێران ناگەڕێتەوە، ئەو بەرپرسەی ئێرانیش روونی كردووەتەوە لە ئاستی بانكی ناوەندیی هەردوو وڵات كۆمەڵێك دانوستان كراوە و ئەم كێشەیە لە نێوانیاندا چارەسەر بووە و عێراق سەرجەم پارەكە بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان